داگیرکەر چۆن کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە؟
سووکایەتی، ئاسایی دەکاتەوە تاکوو گومانکردن لە خۆ بەهێزتر بکاتەوە، بەرزەخۆیی لاوازتر بکات، و ستەمی دەروونی، بە دامەزراویی بکات،
شوناس بخاتە ژێر پرسیارو فەرهەنگی داگیرکراو تووشی شڵەژانی زۆرترو خێراتر بکات،
ترۆماو پۆست ترۆما بکاتە هەوێن بۆ توندوتیژی دژ بە یەکتری خۆ دژی خۆ،
پێکهاتەی هێزی دەروونیکراوی داگیر لە خودی داگیرکراو بکاتە دەسمایەی نەفرەتکردن لە خۆ، هەڵاواردنی مێنتاڵی داگیرکراو، و درێژەدان بە هیرارشی بەهاکان لە قاڵبی ستەمی بەدەروونیکراو،
زامەکان بە سارێژنەکراوی بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی ئازارو ئیلتیهاب بەردەوام بمێنێتەوەو لە کاتی پێویست، دیسانەوە خوێنی بەر بداتەوە،
خودی داگیرکراو دەکات بە سازییەکی دەسکرد بە جۆرێک کە ناخودئاگا دەبێتە کاردانەوەی مێشک و بڕیاری داگیرکەرو بەرەو ئاراستەیەک دەیبات کە چیدیکە دەسپێکی جیهانبینی خۆماڵی، لە خودەوە نەبێت.
خۆپەرەستی بە جێگای بەرپرسایەتی کۆ، جێگیر دەکات،
گشتییەتی ژیانی داگیرکراو لە سەر بنەمای بەرەنگاری، دەکات بە ژیانی بەش بەش و دابەشکراو،
زەمەن دەبێت بە نواندنێکی هێڵەکی و سنووردانان نێوان ڕابردوو و ئێستاو داهاتوو؛ ڕێشەکێشکراو لە ڕابردوو، نوقمی هەنووکەو جودابوو لە داهاتوو.
ئا لێرەداو لەم خاڵەدایە کە تابۆکان بە دەستی خۆمان دەڕووخێن، پیرۆزییەکان دەشکێندرێت، دۆ و دۆشاو تێکەڵ دەکرێ و خودی داگیرکراو، ناڕاستەوخۆ، ئەبێتە خزمەتگوزاری بێ مووچەو بێئاگا لە خۆی داگیرکەر بە شێوازێک کە جوانترین پیرۆزییەکانیش بە دەستی خودی داگیرکرا، دەکەوێتە بەر پەلامار…..