بە حکایەتێک
سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی و هێڵی سوور
دیسانەوە بیرەوەرییەکی هێژا مووسا عەنتەر دەنووسمەوە کاتێک ڕووبەڕووی قازی بووەوە:
جەنابی قازی! ئەو هەموو ئیدعایەی جەنابتان، حەکایەتی ئەو کوڕە هەژارەم بیر دەخاتەوە کە تامەزرۆی ماچی کچە دەوڵەمەندێک بوو. ڕۆژێک دەچێتە بەر درگای ماڵیان و ئێژێ: ئاخ بۆ ماچێک لەو لێوەت؟! کچەکەش سەیری سەر تا پێی دەکات و بە بزەیەک ئەڵێت:
شایانی ئەوە نیت تەنانەت پێڵاوەکانیشم ماچ کەیت.
کوڕەکە قەیرێک بیر دەکاتەوە و لە وەڵامدا ئێژێت: ئاوا پێکنایین، من نیو مەتر داشکاندن دەکەم و پاشگەز دەبمەوە بەرەو خوار و تۆیش نیو مەتر کۆتا بێ و وەرە سەرێ بەڵکوو پێکبین. 😎
جەنابی قازی! ئاوا نابێت ئێوەی دەوڵەتی تورک، هەر پێداگر بن لەسەر هێڵە سوورەکانتان و ئێمەی کوردیش هەر داشکاندن بکەین بۆ ڕەزامەندی ئێوە.
بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتیش، پێویستە بەرامبەر حاکمییەتی ئێرانی، هێڵی سوور دیاری بکرێت.
سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی هەر دالەنگاندنی کردووە و ئەوانیش هەر بە بەرزی باناندا فڕیون و دەفڕن.
یەکجار کۆدەنگ و بە جەربەزەوە بێژن: ئێمە نەتەوەین، نەتەوە مافی سەربەخۆیی هەیە، ئەبێ دانبنێن بە هەموو مافەکاندا، ئینجا دەتوانین گفتوگۆ لەسەر خاڵەکانی دیکە بکەین.
کۆتایی بهێنن بە فەلسەفەی دالەنگاندنی بەردەوام، گوتار بگۆڕن، پێناسەی نەتەوەیی بکەن بە مەرجی پێشوەختە، ئەوجار بۆتان دەردەکەوێت حاکمییەتی ئێرانی بە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، چەندە داماو و پفەڵن و چۆن زمانی درێژیان، کورت دەبێتەوە…..
بۆ یەکجاریش بووە تاقی بکەنەوە، زەرەر ناکەن.


No Comment! Be the first one.