سەبارەت بە ئێران و ئێسراییڵ
بە پشت بەستن بە نیویۆرک تایمز و تایمز ئاف ئێسراییڵ و لێدوانی وەزیری نەفتی ئێران، ئێسراییڵ، لە پشت تەقینەوەکانی هێڵی لوولەی گازی ئێران بووە؛ هێڵێک بەدرێژایی 1720 کیلومەتر کە لە مەیدانی گازیی عەسەلوویە سەرچاوە دەگرێت و بووە هۆکاری، بچڕانی گاز لە پەنج پاڕێزگای ئێران.
هەرچەند بە پێی نیویۆرک تایمز، ئەم هێرشە ڕەمزی بووە و ئیسراییڵ، ویستوویە بە ئێران پیشانی بدات کە ئەو توانای هەیە کە ژێرساختەکانی ئێران بکاتە ئامانج بەڵام لەوانەشە ئاماژە بێت بۆ قۆناغێکی نوێی شەڕی نیوەشاراوە و ناکلاسیکی ئێسراییڵ و ئێران.
پێشتر ئێسراییڵ، نموونەگەلێکی دیکەی لە شەر، بە ئەنجام گەیاندووە. لەوانە:
تەقینەوەی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران
تەقینەوەی ناوەند و کۆگاکانی مووشەکی ئێران
کوشتنی زانایان و پسپۆڕانی ئەتۆمی و مووشەکی ئێران
گواستنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی پێوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران
شەڕی سایبێری و ئێلێکترۆنیکی ستاکس نێت و هەککردنی سیستەمی دابەشکردنی بەنزین لە بەنزینخانەکان و هەککردنی ناوەندەکانی سیاسی و ئەمنی ئێران و….
ئەم قۆناغە نوێیە، لەوانەیە، چەند ئامانجی سەرەکی، دەستنیشان بکات:
پەیامێک بۆ ئێران کە ئێسراییڵ دەتوانێ ژێربیناکانی ئابووری ئێران، تەفروتوونا بکات،
ببێتە هۆکاری سەرهەڵدانی ناڕزایی جەماوەری لە ئێران،
پیلان و پلانی نوێ دژ بە ئێران،
ڕێگریکردن (بازدارندگی) لە ئێران لە ململانێی ناوچەیی و پاشەکشەکردن بە پشتگیریکردنی ئێران لە بریکارە ناوچەییەکانی دژە ئێسراییڵ.
ئەم بەرنامە نوێیە، کاتی بیت یان بەردەوام، نیشانەی قۆناغێکی نوێیە لە شەڕی نێوان ئێسراییڵ و ئێران.
هاوکات ئەوەی بە ڕوونی ئاشکرایە، هەزاران ئۆپێڕاسیۆنی ئێسراییڵە دژ بە بریکارەکانی ئێران لە ناوچە کە لە 2019 دەستیپێکردووە و دوای 7ی ئۆکتۆبر، چڕتر بووگە و گەیشتووتە لووتکەی خۆی.
لە گوتارێکی پێوەندیدار بەم باسەوە کە لە 2020 لە ژێر ناوی “ئێران و ئێسراییڵ، شەڕی حەتمی” هاتووە، بە پێشبینیکردنی “شەڕی هەژمۆنیک”، دەخوێنینەوە:
مێژوو فێرمان دەکات کە کاتێک دەسەڵاتێکی بەرزبووەوە، ئالنگاری هاوسەنگی هێز دەکات، زۆرجار شەڕ بەدوای خۆیدا دێنێت. ئەم دیاردەیە بە “شەڕی هەژموونیک” ناوزەد کراوە. شەڕە هەژموونییەکان لە ئەنجامی گەشەی جیاوازی دەسەڵات لە نێوان دەوڵەتە باڵادەست و دەوڵەتە ئاواتخوازەکان بۆ دەسەڵاتی باڵادەست، دێتە ئاراوە. شەڕی هەژموونگەرایی ناتوانێ لە ماوەی سەقامگیری ڕێژەییدا ڕووبدات بەڵکو گەشەکردن و دابەزینی نایەکسانی دەسەڵاتی بریکار پێویستە، کە دواجار دەبێتە هۆی جەمسەرگیری سیستەمی نێودەوڵەتی و دروستکردنی قەیرانێکی حەتمی لە شێوەی شەڕێکی هەژموونگەریدا. ئەم جۆرە کێبڕکێیە لە سیستەمی شارستانی یۆنانیدا بووە هۆکاری شەڕەکانی پێلۆپۆنێزی. هەروەها هەوڵی پرۆس بۆ یەکخستنی شانشینەکانی ئەڵمانیا لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا بووە هۆی چەندین شەڕی ئەوروپا.
لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژێر سیستەمێکی دوو جەمسەری نییە، ئێمە شاهیدی سەرهەڵدانی ئێرانین کە چیتر هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەدا نییە و دابینکەری ئەمنییان، ئەمریکا، ئامادەی تێچوونی یەکلاکەرەوە نییە….
بڕوانە بۆ:
New York Times
Times of Israel
گوتەکانی وەزیری نەفتی ئێران
هەروەها ئەم وتارە بخوێنەوە:
Iran and Israel: The Inevitable War, Efraim Inbar, From the journal SIRIUS – Zeitschrift für Strategische Analysen, 2020