شوناس ڕەوێنی لە کوردی ئێرانی و کوردستانی ئێران؛ بۆچی و چۆن
خۆزێ ئیستبان مونۆز، لە کاتی ئاماژە کردن بە چەمکی شوناس ڕەوێنی، بە گشتی ئاوەها دەرەنجامگیری دەکات کە شوناس ڕەوێنی ستراتیژییەکە کە هەوڵدەدات لە ناوەوە لۆژیکێکی فەرهەنگی بگۆڕێت؛ ئەم ستراتیژە هەمیشە بەو گریمانەیە کاردەکات کە سووژە ناتوانێت بە سادەیی لە ئایدۆلۆژیایەکی باڵادەست دوور بکەوێتەوە، هەروەها ناتوانێت بە تەواوی قبووڵی بکات. ئەم چەمکە پرۆسەیەکە بۆ هاککردنی کۆدەکانی فەرهەنگی زۆرینە، بۆ دروستکردنی بابەتێکی کەمینە کە بەهێز و خۆڕاگر و خۆبەڕێوەبەر بێت. سووژە لەبری ئەوەی توخمە ژەهراوییەکانی شوناسە باڵادەستەکە هەڵبمژێت یان لە حاڵەتێکی هەرسکردنی کولتووری ڕەهادا داڕمێت، کەرەستە کولتوورییەکان بنیات دەنێتەوە و دەیگۆڕێت بۆ ئەوەی فەزای ئینتقالی بۆ مانەوە و بەرەنگاربوونەوە و دواجار، وەرگرتنەوەی ناسنامەی ڕەسەنی خۆی دروست بکات.
و هەروەها ڕستە بەناوبانگەکەی:
شوناس ڕەوێنی، ڕێگای سێهەمە نێوان هاوشێوەبوون و دژەهاوشێوەبوون.
**** .
بە تێڕوانینێکی قووڵ لە دوو چەمکی کوردی ئێران و کوردستانی ئێران، دەبینرێت کە چۆن ئەم دووانەیە، هزر و ڕەفتار و سیاسەتی کوردی لە لێکۆڵینەوەکانی پێکهاتەیی، فەلسەفی، ئیپیستمۆلۆژی و دەروونناسیدا، بە بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندی ناوەند-پەراوێز، نکۆڵیکردن لە سەروەری، نکۆڵیکردن لە ڕەسەنایەتی وجودی، یەخسیری لە سیستەمی مەعریفی ئەویدی، خوڵقاندنی دژوازی شوناس، وابەستەیی سۆزداری- سایکۆلۆژیک بە جوگرافیای داگیرکەر، خۆنامۆبوون، ڕێگریکردن لە سنووردارکردنی تەواوەتی خود و ئەویدی، ئاماژەدانی هەمیشەیی خواستەکان بۆ پایتەختەکان، ئیفلیجی خودفەرمانی، قبووڵکردنی دەروونی پارچەبوونی کوردستان، ناتوانی چوونە دەرەوە لە قاڵب و چوارچێوەکان، نەتوانینی دروستکردنی گوتارێکی کوردستانی، نەزۆککردنی ئیرادەی خەباتی نەتەوەیی، و ناسینەوە لەگەڵ داگیرکەر، زەمینگیر کردووە و چۆناوچۆن، پرۆسە و ساتەوەختەکانی پرسی نەتەوەیی لە دەرفەتەوە، بۆ لادان و شکست و کارەسات بردووە.
بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، پێویستە هەنگاو بنرێت بەرەو داڕشتنی چەمکی شوناس ڕەوێنی لە ئەدەب، وێژمان، کولتوور، بەرهەمهێنانەوەی دەق، پاشان هێنانە ناو سیاسەتەوە لە شێوەی سووژەی کوردستانی و کوردیدا، و پێکهاتەی دەروونی لە هەژموونی سەپێنراو ڕزگار بکرێت.
چە کەردەن بۆ شوناس ڕەوێنی کوردستانی ئێران و کوردی ئێران؟
بە پێی خوێندنەوەکانی مۆنۆز و دەرەنجامگیری لە بۆچوونەکانی، ئەم ڕێکارگەلە پێویستە لەبەرچاو بگێرێن:
یەک. سووژەی کورد دەبێت واز لە بەرهەمهێنانەوەی ئەو پێکهاتە کۆیلەگەرانە ناخودئاگایانە بهێنێت و بە قووڵی لە دژایەتیی بنەڕەتیی نێوان بوونی مێژوویی خۆیان و سنوورە سەپێنراوەکانی فیزیکی و دەروونی تێبگات.
دوو. کوردستان و کورد دەبێ پاشگری ئێرانی وەک ئۆبژەیەکی دەرەکی و پاسپۆرتێکی زۆرەملێ و ئامرازێکی کۆنتڕۆڵ ببینن و خۆیان لە بەستنەوەی سۆزداری و بوونگەرایی بە بەشێک لە بوون و ڕەسەنایەتی خۆیان بەدوور بگرن.
سێ. پێویستە کوردستان و کورد بەتەواوەتی بایکۆتی دەستەواژەی کوردستانی ئێران و کوردی ئێران بکەن و چەمکی ناوەکی و سەربەخۆی “کوردستان” و “کورد” لەجیاتی هەڵبگرن.
چوار. کوردستان و کورد دەبێت دەقی فکری، ئەدەبی، شیکاری، فەرهەنگی، مێژوویی و سیاسی ئێرانی نامۆسازی و غەریبەسازی بکات و لە ڕوانگەی دەزگا و سوبژێکتیڤی سەربەخۆی کوردستانەوە بیاننوسێتەوە.
پەنج. سیاسەتی کوردی دەبێت دەستبەرداری هیوای درۆینەی چاکسازی لە ناوەند یان ئازادکردنی تەواوی پێکهاتەی حوکمڕانی لە ڕێگەی دیموکراتیزەکردنەوە بێت و تەرکیز و وزە و هیوا و داخوازییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی و مرۆیی کوردستاندا چڕ بکاتەوە.
شەش. هەر ئەکتێکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، زمانی، ئابووری، زانستی، هونەری لە کوردستاندا دەبێت بە پشتبەستن بە دامەزراوە نەتەوەییە کوردییەکان ئەنجام بدرێت؛ بەجۆرێک کە تاران یان هەر پایتەختێکی تر دەسەڵاتی شەرعییەتدانی خۆی لە مێشک و هەڵسوکەوتی نوخبە و جەماوەری کورددا لەدەست بدات.
حەوت. کوردستان و کورد دەبێت کەسایەتی پاسیڤ هەڵوەشێننەوە و کەسایەتییەکی دەسەڵاتدار و داهێنەر و بڕیاردەری کورد دروست بکەن.
هەشت. گوتارسازی سەردەمییانە دەبێت تیشک بخاتە سەر یەکدەنگی ئۆرگانیک، کولتووری، زمانەوانی و ستراتیژیکی هەموو بەشەکانی کوردستان لە دەرەوەی هێڵە زەینییەکانی سنوورەکان بۆ ئەوەی سنوورە سیاسییەکان ئەرکی جیاکەرەوە و دابەشکەری خۆیان لە مێشک و دەروونی کۆمەڵگادا لەدەست بدەن.
نۆ. سووژەی کورد پێویستە ناسنامەی خۆی وەکوو کوردستانی و کورد پێناسە و بەدامەزراویی بکات؛ شوناسێک کە خۆ بوونی هەیە و سەربەخۆیە و پێویستی بە هیچ پاشگر و پشتڕاستکردنەوەیەک نەبێت لەلایەن ئەویدییەوە، کە تێیدا هەر کردەیەکی ڕۆژانە دەبێتە بەردی بناغە بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی بابەتیی و سیاسی.
دە. سووژەی کورد پێویستە لە هەر دیالۆگ و ئاخافتنێک لەگەڵ دەست و پەیوەندییەکانی داگیرکەر، بەردەوام پێداگر بێت کە کوردی ئێرانی و کوردستانی ئێران، چەمکگەلی داسەپاو و قبووڵنەکراون و حەقیقەت، “نەتەوەبوونی کورد” و “کوردی کوردستانی”یە.
بۆ زانیاری زۆرتر سەبارەت بە چەمکی شوناس ڕەوێنی، بڕوانە بۆ:
José Esteban Muñoz, Disidentifications: Queers of Color and the Performance of Politics, University of Minnesota Press, 1999.


No Comment! Be the first one.