مەسیحی سەربەخۆییخوازی و یەهوداکانی کورد
ئەمڕۆ دوای پانزە ساڵ جارێکی تر فیلمی ئازاری مەسیحم بینییەوە و بە لەبەرچاوگرتنی لێکچوونە سەیرەکانی لەگەڵ ئەم ڕۆژانەدا تایبەتەن، ناونیشانەکەم هەڵبژارد؛ ئاوێنەیەک کە لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا زیندوو دەبێتەوە کاتێک خەبات و بەدواداچوون بۆ ڕزگاری، دەخرێتە بەردەم گێڕەکانی دەسەڵات و خیانەت.
بێدەنگی مەسیح لەبەرامبەر هات و هاوارەکان، دەورە دراوە بە درۆ و تۆمەت و قامچی، بەڵام بێدەنگییەکی قورس و پڕ لە هێز و ڕەسەنایەتی و حەقیقەتێک کە پێویستی بە جەنجاڵ نییە؛ هەروەک مافی سروشتی نەتەوەیەک کە بە چەوساوەیی دەمێنێتەوە بەڵام لە ژێر قۆچەکانی پڕوپاگەندە و تیۆرییەکانی نوخبە خۆدۆڕاوەکان و دەستی کاڵفامی و خەیانەت، بەرزەباڵا دەمێنێتەوە.
ئەو ساتەی کە مەسیح لە باخەکەدا نزا دەکات و هاوڕێکانی لە تەنیشتییەوە وەنەوز دەدەن، لووتکەی تەنیایی ئارمانێکی گەورەیە. هەروەک چۆن ئارمانی سەربەخۆیی لە دونیای ئەم ڕۆژانەدا و هەر لەو ساتانەی کە زۆرترین پێویستی بە بەئاگاهاتنەوەی نوخبە و سیاسەت هەیە، ڕووبەڕووی خەواڵوویی، بێباکی، لادان یان هەڵاتن دەبێتەوە.
یەهودا، وێنەی داڕمانی دەروونی، دواتر ماچی وێرانکەر و زرینگەی دراو، کە نیشان دەدات چۆن خیانەت، پێش ئەوەی زیان بە ئەوین بگەیەنێت، ڕۆحی خیانەتکار دەگەنێنێت و لەناوی دەبات؛ وەک ئەو دراوە زیوانەی کە لە دەستی یەهوداکانی ئەمڕۆدایە؛ هەمان بۆڵ و هەمان کورسی و هەمان زەردەخەنە فریودەرەکان کە زۆر زوو دەبنە پەتی سێدارە بۆ شەرەف و شکۆی مێژووی خۆیان.
و سەرۆک کاهینەکان، چۆن دواجار مەسیح لە خاچ دەدەن بە فریودانی شوێنکەوتووانی خۆیان و مەدحی قەیسەر و تۆمەتبارکردنی بە جادووگەری و هەڵخڵەتاندنی خەڵک و فریودانی جەماوەر و لادان لە ئایینی فەرمی.
مێژوو زۆر جار قوربانگەی ئارمانە پیرۆزەکان بووە و لەم نێوەندەدا چارەنووسی سەربەخۆیی کورد وەک ئامانجی کۆتایی ڕزگاری و مافی بوونی نەتەوە بە سەیرترین شێوە وێکدەچێت بە تراژدیای مەسیحەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، سەربەخۆیی هەمان مەسیحی ستەملێکراو و پاک و ڕزگارکەرە کە گەورەترین لێدانی نەک لە پۆنتیۆس پیلاتس و قەیسەرە دەرەکییەکان، بەڵکوو لە هاوسەفەرەکان و هاوسفرەکان و هاوڕێ نزیکەکانی خۆی تووشی بووە.
تاقمی ناوخۆی دژە سەربەخۆیی یەک ڕووخساری نییە؛ تابلۆیەکی حەوت ڕەنگە و مارێکی حەوت سەر لە گومان و تەماح و وەرین و پڕووکان و پووکانەوە و لادان و خیانەت کە هەر جارێک بە نرخێک، ئەم مەسیحە ڕادەستی فەرمانڕەوا باڵادەستەکان دەکات.
لە چینێکی ئەم تراژدییەدا، ڕووبەڕووی یەهوداکانی ئێبتزاڵ و تەماحی سووک و بچووکی سیاسەت و نوخبەیی دەبینەوە؛ نوخبە و سیاسەتێک کە ئاسۆی بەرزی ئازادی نەتەوەیەک بە سی پارچە زیوی ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندییەکانی تاک و تاقم و مانەوەی زڕەهێز و وردکەڵە دەسەڵاتی بێقابلی خۆیان دەفرۆشنەوە.
و لە ئاستێکی دیکەدا، ئەوانەی لە ڕووی ئەخلاقییەوە ڕەقهەڵاتوو بوون؛ ئەوانەی کە دڵیان لە بەرامبەر ستەم و چەوسانەوەی بەردەوامی هاوخوێنی خۆیاندا بەستوویە و ڕاستەوخۆ دەبنە مێشک و دەست و لاقی سەرکوتکاران، بۆ ئەوەی دانتێ بتوانێت تاریکترین و ساردترین شوێنی دۆزەخ بە ناوی ئەوانەوە تاپۆ بکات.
بەڵام هەموو شتێک لە تەماحدا کورت نابێتەوە؛ پووکانەوەی دەروونی لە گێڕە ڕەقەکانی ئەندازەیی دەسەڵاتدا، کۆمەڵەیەکی دیکەی نوخبەی هێناوەتە سەر ئەژنۆ. لەژێر کاریگەری هێژمۆنی درێژماوەی دوژمنی داگیرکەر، تووشی خۆبەکەمزانین دەبن و سەربەخۆیی بە وەهمێکی سەرگەردان ناودەبەن.
و شانبەشانی ئەوان، بازرگان و تاقمی چەشنی تێکنۆکرات کە ئەم مافەی بوون و هەبوونی، تەنها وەک کارتی یاری و پڕۆژەیەکی بازرگانی بۆ موزایەدەکردن و چەقەچەق بۆ دەستخستنی کەمترینەکان سەیر دەکەن.
بەڵام ئاڵۆزترین و مۆدێرنترین ڕووخساری ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، ئەو ڕۆشنبیر و لایەنانەن کە بە زمانی ئارمانەکە و وشەی فریودەرانەی ئەم ڕەنگ و ئەو ڕەنگ، ژێر پێی سەربەخۆیی خاڵی دەکەن و پەیتا پەیتا پاشقولی دەدەن؛ ئەوانەی کە بە بانگەشەی دیموکراتیزەکردنی پایتەختە باڵادەستەکان، هێزی بزوێنەری نەتەوە پەرتەوازە دەکەن و تیۆری مانەوەی سنوورە سەپێنراوەکان دادەڕێژنەوە.
مەسیحی سەربەخۆیی کورد چەندین جار لە ساتەوەختە مێژووییەکاندا سەربڕدراوە، دوابەدوای ماچێکی بەڕژەوەندخوازی، سازان، یان خیانەت، و وەبیرهێنانەوەی هەزار جارەیەک کە گەورەترین بەربەست لەبەردەم ڕزگاریدا نەک چەکی دەرەکی، بەڵکوو فرەیی حەوتە ڕوخسار و حەوتە ماری گومان و خیانەت لە بەرەی ناوخۆدایە؛ خەنجەرگەلێکی ژەهراوی لە چەشنی خۆ دۆڕان کە لە سەر سنگی بەرزترین خەونی نەتەوەیەکدا دەچەقێت.

No Comment! Be the first one.