نەتەوەی بێ دەوڵەت و ژاوەژاوی دژە ناسیۆنالیزم لە ڕوانگەی خەسارهەڵگری ڕۆژی سفر
زاراوەی “خەسارهەڵگری ڕۆژی سفر” یەک لە چەمکەکانە لە جیهانی ئەمنییەتی سایبێری.
“ڕۆژی سفر” واتە گەشەپێدەرانی نەرم ئامێر، “سفر ڕۆژ” دەرفەتیان بووە بیر لە چارەسەرێک بۆ کێشەکە بکەنەوە. واتە دزەیەکی ئەمنی لە سیستەمدا هەیە کە تا ئێستا جگە لە دەستدرێژکاران و دزەکەران، کەس نایزانێت و کاتێک ئەم لاوازییە لەلایەن ئەوانەوە دۆزرایەوە و بەکاردەهێنرێت، ژماردنی پێچەوانە بۆ گەشەپێدەرانی سیستەم دەست پێدەکات. ئەوان لە دۆخێکی “ڕۆژی سفر”دان و دەبێت بە خێرایی پەچەیەکی ئەمنی دروست بکەن و ئەگەر شکستیان هێنا ئەوا سیستەمەکە یان دەڕووخێت یان دەکەوێتە خزمەت دزەکەرەکان.
ئەگەر ئەم چەمکە لە جیهانی دیجیتاڵیەوە بهێنینە دونیای کوردستان، نەتەوەی کورد لە بەرامبەر قەیرانەکان، هێرشەکان یان خلێنە و بلێنە سیاسی و ئابووری و ژیۆپۆلیتیکییەکان، چەندین جار کەوتووەتە دۆخی ڕۆژی سفر، لە کاتێکدا هیچ پەچە و میکانیزمێکی بەرگری بەپێکهاتەکراو بۆ پووچەڵکردنیان نەبووە.
نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، دەقیقەن وەک سیستەمێک وایە کە لە بەرامبەر لاوازییەکان و خەسارهەڵگرییەکانی ڕۆژی سفری جیهانی سیاسەتدا بێ بەرگری و بێ پەنا و بێ دەرەتان ماوەتەوە.
جا هەر چەشنە ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ پرسی نەتەوەیی و ناسیۆناڵیزمی کوردی بە هەر بیانوو و پاساوێک، لە چوارچێوەی ئەم چەمکەدا، چ لە قاڵبی ئایدیۆلۆژی، چ لە قاڵبی کۆدی دەستووری، چ لە قاپی دۆشداماوی پەروەردەکراو، چ سنووردار کردن و چ مامەڵە و چ بەلارەڕێدا بردن بە دروشم و کردە و ناکردە، یاریکردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە بۆ داگیرکەر، و هەوڵدان بۆ پاراستنی قەوارەکانی هەبوو و هەوڵدان بۆ مانەوەی نەتەوە لە دۆخی هەمیشەیی “ڕۆژی سفر”….
سەرنجتان داوە هەر کاتێک، دەرفەتێک دروست دەبێت یان هەلێک دەڕەخسێت چۆن ئەدەبیات و کردەی دژە ناسیۆناڵیزم و دژە دەوڵەت و دژە سەربەخۆیی، دەگاتە لووتکە و کە دەرفەتەکە لە کیس دەچێت دەبنەوە کوردی عەیار بیست و چوار؟!
Zero-day Vulnerability


No Comment! Be the first one.