نەتەوەی بێ دەوڵەت و کاریگەری نەرێنی پۆلاریزاسیۆنی حیزبی
ئەگەر شوناسی نەتەوەیی وەک شوناسی سەروو (superordinate) و حیزب وەکوو شوناسی ژێرەوە (subgrouop) سەیر بکەین نەتەوەی بێ دەوڵەت، لەبەر ئەوەی بە هۆی نەبوون یان لاواز بوونی پەروەردە و مێدیا و پڕۆپاگاندا و دامەزراوەگەلی مەدەنی و فەرمی، “ناسیۆناڵیزمی ڕۆژانە”ی بە گوێرەی پێویست نییە، ناسنامەی حیزبی، لە ناسنامەی نەتەوەیی دیارتر دەبێت، نەتەوە بە پێی ڕوانینی حیزبی مەزەندە دەکرێت، شەرعییەتی نەتەوە، پێناسە و ڕەنگی حیزبی لەبەر دەکات، ڕکابەری حیزبی، پرسی نەتەوەیی لاواز و لاگیر دەکات، و هێما و مێژووی نەتەوە ئاسانتر دەبەسترێتەوە بە حیزب و بۆچوون و کردەوە و ئامانجە حیزبییەکان. هەروەها هەڕەشەی دەرەکیی بەردەوام، کە پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ پرسی نەتەوەیی و تاکەکانی نەتەوە بەرامبەر ئەویدی کۆدەنگ دەکات، دەکەوێتە ژێر سێبەری سنووری حیزبی و هێڵە جیاکەرەوەکانی نێوخۆیی حیزبەکان، ناکۆکییەکان، و جۆری جیاوازی ڕوانینەکان، کە یەکدەنگی نەتەوەیی دەشێونێت.
ئەم دۆخە زۆرجار ژینگەی زانیاریش تووشی گرفت دەکات بە جۆرێک کە ئەندامانی یەک حیزب، تەنیا لە فیلتەری حیزبییەوە سەیری پرسی شوناس و نەتەوە دەکەن و دامەزراوە و ئابووری و مێدیا و ڕووداوی حیزبی، دەکرێنە پێوەر نەک پرسی نەتەوەیی و بەم شێوازە، پڕۆژێکسێنی ناوگرووپ (ingroup projection) زاڵ دەبێت و ناسنامەی نەتەوەیی دابەشدەکرێت بە خێمەی حیزبەکاندا و سەرکەوتن و شکست و ڕووداو، لە جیاتی ئەوەی بدرێت لە مەحەکی نەتەوەیی، بە مەحەکی حیزبی دەپێوێندرێت، چوارچێوەدار دەکرێت، پشت بە ئێخلاقی جیاواز دەبەستێت، فاناتیزە دەکرێت و لە ئاستی تاک، ئاستی حیزب، ئاستی نەوەیی و دواجار ئاستی سیاسی، لە پێناسەی سەروو، دوور دەکەوێتەوە.
لێرەبەدوا چیدیکە ناسنامەی سەروو، گشتگیر پێناسە ناکرێت و ڕکابەری و ململانێ و بەڕژەوەندی، مەوداکان فراوانتر دەکەن، شەقڵ پەیدا دەبێت، دەبێتە ڕق و ناسنامەی هاوبەشی یەکانگیری گشتگیری نەتەوەیی، دەبێتە قوربانی حیزب….
نەتەوەی بێ دەوڵەت و کاریگەری نەرێنی پۆلاریزاسیۆنی حیزبی
October 30, 2026
One Min Read
90
Views

No Comment! Be the first one.