حەکایەت
وازی لێ بێنە و وازی لێ بێنن
پینەچییەک لە گۆشەیەک لە بازاڕ، ڕۆژانە بەدەم کوتانی چەکوش بە سەر سەندانەکەی، کەوشی چاک دەکرد و بزماری دەکوتا و گۆرانی دەگوت و ژیانی دەگوزەراند.
دوای ساڵانێک، دەوڵەمەندێک و هاوسەرەکەی بوون بە خاوەن ماڵی بەرامبەر بە دووکانە چکۆلەکەی کاکی پینەچی.
دوای ماوەیەک خێزانی کابرای دەوڵەمەند بە شووەکەی گوت: پیاوەکە بەیانان کە تۆ دەچی بۆ بازاڕ، ئاگات لێ نییە ئەم پینەچییە چۆن دەنگە ناخۆشەکەی خۆی و دەنگی بزمار و چەکوش و سەکۆکەی تێکەڵ دەبن و ئارامی من تێکدەدەن. بەڵکوو تەکبیرێک بکەیت.
پیاوی دەوڵەمەندیش بیری لێکردەوە و مەلابانگانی ڕۆژێک دواتر، سەد درهەمی لە ناو کیسەیەک، بردە بەر دووکانی پینەچی و گوتی: دراوسێ گیان! دەبینم چەندە زەحمەت دەکێشی، ئەو بۆچی دووکانەکەت گەورەتر ناکەیتەوە و شاگرد بگریت و کەوشیش بدووریت و خێری زۆرترت بەرکەوێت؟ منیش جارێک پێویستم بەم پارە نییە، هەرکات دەوڵەمەند بوویت قەرزەکەم بدەوە.
کاکی پینەچی زۆر سپاسی دراوسێی کرد و شوکری بەجێهێنا کە ئەمە پاداشتی خوایە بۆ نیازپاکی ئەو و دەتوانێ، کەسابەتەکەی فراوانتر بکات.
پینەچی کەوتە خەیاڵی کەسابەت و کەوشدوورین و شاگرد دووکان و خێری زۆر و دەوڵەمەندبوون و فکر و خەیاڵ و شەونخوونی و ئارامیی لێبڕا. بۆ ڕۆژی دواتر و ڕۆژانی تر، وەها خەیاڵ هەڵیگرت کە نە دەنگی چەکوش ما، نە دەنگی سەندان و بزمار و نە دەنگی گۆرانی.
ماوەیەک وا بەسەر چوو و خانمی ماڵ، حەسایەوە بەڵام پینەچی بە هۆی چی دەکەم و چۆن دەکەم، لە کار و ئیش کەوت.
دوای چەن ڕۆژ، کاکی پینەچی بە خۆیدا هاتەوە و زانی کە ئەو درهەم و دینارە، ڕزقە ڕۆژانە بچووکەکە و ئارامی ژیان و خەونی شەۆانەشی لێبڕیوە بۆیە پارەکەی بردەوە لای خاوەن درهەمەکە و گوتی: خوا گەورەییت پێبدات، من بە بەشی خۆم ڕازیم و گەڕایەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی.
زۆر جار لە سیاسەتیشدا کاتێک بیانهەوێت کەسێک یان لایەنێک، لە ڕێباز و لە ڕێگاکەی و بگرە لە پرێستیژەکەی دوور بخەنەوە یان سەری قاڵ کەن، تووشی کۆمەڵێک باسی لاوەکی دەکەن….
وازی لێ بێنە و وازی لێ بێنن….


No Comment! Be the first one.