پێشمەرگەی جوانەمەرگ؛ وەڵامی تۆتێم بەرامبەر شکاندنی تابووەکان
لە ڕوانینی فرۆیددا، پیرۆزک یان خود تۆتێم هێمای ڕۆحی بەکۆمەڵ، باوباپیرانی هاوبەش و شوناسی پارێزەری خێڵە و بڤە یان تابووەکان ئەو سنوور و یاسا پیرۆزانەن کە بۆ پاراستنی مانەوەی ئەم پیرۆزکە دامەزراون. پێشێلکردنی بڤەکان پیسبوون دەهێنێت و وەڵامی پیرۆزک یان کۆمەڵگا بۆ ئەم پیسبوونە زۆرجار مردن یان سزای توندە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی گەردوونی و بەکۆمەڵ.
لە ڕوانینی کوردستانیدا داگیرکەر پێشێلکاری بڤەی گەورەیە و خاک و ناسنامەی نەتەوەیی، تابووی بنەڕەتی نەتەوەیە. داگیرکەر بە چوونە ژوورەوە ئەم تابوو ڕەسەنەی شکاندووە؛ سنوورەکانی پێشێل کردووە، پیرۆزکی ناسنامەی بەکۆمەڵی ڕەتکردووەتەوە و پێکهاتەی دەروونی نەتەوەی تووشی ترۆمایەکی قووڵ کردووەتەوە.
لە ڕوانگەی فرۆیدییەوە، کاتێک تابووەیەکی گەورە دەشکێت، کۆمەڵگا بەدەست دڵەڕاوکێی تاوانباری و داڕمانەوە دەناڵێنێت. لەم فەزایەدا پیرۆزک، پێویستی بە قوربانیدان هەیە بۆ ئەوەی خۆی بنیات بنێتەوە و خۆی لەم پیسبوونە پاک بکاتەوە.
فرۆید ڕوونی دەکاتەوە کە لە کاتی قەیرانەکاندا ئەندامانی خێڵەکە قوربانییەک پێشکەش بە تۆتێمەکە دەکەن بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییە ونبووەکەی نێوان خێڵەکە و ئەمری پیرۆز.
بەم پێیە جوانەمەرگ بوونی پێشمەرگە لەدژی داگیرکەر لە ڕاستیدا وەڵامی پیرۆزک یان خود تۆتێمە.
پێشمەرگە وەک وەفادارترین ڕۆڵەی تۆتێم، باری قورسی گوناهی پاسیڤیەتی کۆمەڵگا هەڵدەگرێت. مردنی ئەو وەڵامێکە بۆ شکاندنی تابۆی داگیرکەر. خوێنی پێشمەرگەی جەوان ئەو پیسبوونەی کە بەهۆی داگیرکارییەوە دروست بووە دەشواتەوە و ژیان و پیرۆزییەکی نوێ بە کۆمەڵگایەک دەبەخشێت کە ناسنامەکەی خەریکە لەناو دەچێت یان هەڕەشەی لەدەستدانی لەسەرە و ژیانی خۆی دەدات تا تۆتێم یان خاک و نەتەوە، بمێنێتەوە.
لە سیستەمی واتایی کوردستانیدا، کوردستان و کورد بەرزترین تۆتێم و ئەو ئەمرە پیرۆزەن کە لەلایەن بێگانە و داگیرکەرەوە داگیرکراوە و تووشی تابووشکێنی هاتووە. داگیرکەر هەوڵ دەدات تۆتێمی کورد بە زەبر و زەنگ و لاوازکردنی ئیرادەی کۆ لە ناو ببات، بەڵام پێشمەرگەی گەنج، بە ئاگاداربوون لەم پێکهاتەیە، مردنی پێشوەختەی خۆی قبووڵ دەکات. ئەم مردنە وەڵامێکی پاسیڤ نییە بۆ گوناهێک بەڵکوو کردەوەیەکی دووجارە سازکردنەوەی تۆتێمە.
گیانبەختکردنی پێشمەرگە تابووی ترس و تەسلیمبوون دەشکێنێت و کوژرانی بەرامبەر داگیرکەر گەڕانەوەیە بۆ باوەشی تۆتێمی دایک یانی خاکی کوردستان؛ خوێنی ئەو سنوورەکانی تابووئاسای ناسنامەی کورد زیندووتر و پڕڕەنگتر و تێنەپەڕینتر و پیرۆزتر دەکات بۆ ئەوەی زنجیرەی بەردەوامی نەتەوەی کورد لە مێژوودا نەپچردرێت.
پێشمەرگەی گەنج دەمرێت تاکوو تۆتێمی کوردستان بۆ هەمیشە ڕاوەستاوە بمێنێتەوە.
بڕوانە بۆ: تۆتێم و تابوو، زیگمۆند فڕۆید (١٩١٣).
وێنەگر: پێشمەرگەیەکی کوردستان


No Comment! Be the first one.