ناسیۆنالیستەکان بیخوێننەوە، نەیارانی ناسیۆنالیزم قووڵتر (١)
ئیلان کاپوور لە وتارێکدا بە ناونیشانی “مۆندیالی ٢٠٢٦؛ دواھەمین ناسیۆنالیزمی پەسندکراو” دەڵێت: نمایشی جیھانیی تۆپی پێ، سیاسەت ھەڵناپەسێرێت، بەڵکوو نیشانی دەدات کە چۆن ناسنامەی نەتەوەیی لە ڕووی سۆزدارییەوە بەھێز، لە ڕووی بازرگانییەوە بەنرخ و لە ڕووی ژیۆپۆلیتیکییەوە بەگرنگی دەمێنێتەوە.
ئەو پێی وایە ئەگەرچی مۆندیال وەک “فیستیڤاڵی یەکێتیی جیھانی” وەسف دەکرێت و زمانێکی دەگمەنی ھاوبەش دەخاتە ڕوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە ناباتە ئەودوی نەتەوەخوازیدا.
ئەو درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت ئەم کاپە، یەکێک لە ڕەواترین و لە ڕووی سۆزدارییەوە توندترین قۆناغەکانی خۆی دەبەخشێتە نەتەوەخوازی.
ئاڵاکان، سروودەکان، ڕەنگەکان، ڕق و قینە مێژووییەکان، کۆشانازییەکان، غروورەکان و خەیاڵپێکردنەکانی پێوەست بە چارەنووسی نەتەوەیی، ھەموویان کۆ دەکرێنەوە و دەخرێنە گەڕ. ھۆگرانی تۆپی پێ وەک شتانێکی مەترسیدار یان ماوەبەسەرچوو سەیری ئەوانە ناکەن، بەڵکوو بە کوڵ و جۆش و خرۆشەوە ئاهەنگی بۆ دەگێڕن. ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە ئەم کێبڕکێیانە لە ڕووی سیاسییەوە ئاشکرا و ڕوون دەکاتەوە:
لە زۆر بواری دیکەدا، ئێمە ناسیۆنالیزم بە پەراوێزخستن، دوورخستنەوە، نکۆلیکردن، بێگانەترسی، دەسەڵاتخوازی، پاوانخوازی، یان توندوتیژییەوە گرێ دەدەین؛ کەچی مۆندیال، ناسیۆنالیزم لە ڕێگەی وەرزشەوە خاوێن و پاکژ دەکاتەوە. ئەمە دەبێتە دواھەمین ناسیۆنالیزمی پەسندکراو و وەرگیراو.
نووسەر ئێژێت: چوونە ناو ئەم کێبڕکێیانە بە واتای لەناوچوونی ململانێی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو تەواو پێچەوانەکەیەتی. فراوانبوونی تیمەکان، ژمارەی دراما نەتەوەییە ئامادەکراوەکان بۆ بەکاربردنی جیھانی چەند قات دەکات.
سەرکەوتنی وڵاتە بچووکەکان لە مۆندیال، پێگەیەکیان لە گۆڕەپانی جیھانیدا پێ دەبەخشێت کە لە دۆخی ئاساییدا بەھۆی پلەبەندییە سەربازی, ئابووری یان دیپلۆماسییەوە لێیان درێخ دەکرێت. هر یارییەک دەبێتە ڕاپرسییەکی بچووک لەسەر کەسایەتیی نەتەوەیی.
شیکەرەوەکان تیمەکان بە نازناوی وەک: خۆڕاگر، لوتبەرز، بەرزەفڕ، ڕێکخراو، سۆزدار، ساويلکە، پێگەیشتوو، کەمئەزموون یان قارەمان وەسف دەکەن. ئەم ئاوەڵناوانە بە دەگمەن تەنیا بە وەرزشی دەمێننەوە؛ ئەوان خۆیان بە بیرۆکەگەلی فراوانتر لەسەر خەڵک، فەرهەنگ، مێژوو و دۆخی سیاسی دەبەستنەوە. بەم ھۆیەشەوە مۆندیال ھەرگیز تەنیا لەسەر تۆپی پێ نییە، بەڵکوو لەسەر “ناسین” و “دانپێدانان”ە. بۆ دەسەڵاتە جێگیربووەکان، سەرکەوتن پێگەکەیان چەسپاوتر دەکات، بۆ وڵاتە بچووکەکان یان ئەوانەی لە ڕووی مێژووییەوە پەراوێز خراون، سەرکەوتن ڕێگەیەکە بۆ ئامادەبوون لە گۆڕەپانی جیھانیدا.
نووسەر ئاماژە دەکات کە ناسیۆنالیزمی فووتباڵی ئەمرۆ، تەنیا ناسیۆنالیزمە نەریتییە کۆنەکە نییە. ئەمە ناسیۆنالیزمێکە کە لە ڕێگەی گلۆبالیزمەوە داڕێژراوە. یاریزانە کۆچبەرەکان، ھۆگرانی کۆچبەر، تەلەڤزیۆنی مانگی دەستکرد، میدیا کۆمەڵایەتییەکان، سپۆنسەرییە جیھانییەکان و ناسنامە سنووربەزێنەکان، ھەموویان یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی ئەم نەتەوەیە ببێتە بابەتێکی تۆپی پێ. نەتەوە ھەر بە بەھێزی دەمێنێتەوە، بەڵام لە ڕێگەی تۆڕە فرەنەتەوەییەکانەوە کۆ کراوەتەوە.
نووسەر لە بەشی کۆتاییدا دەنووسێت: لە ڕاستیدا مۆندیال نیشان دەدات کە نەتەوەخوازی ھێشتا یەکێکە لە بەھێزترین شێوازە سۆزدارییەکان لە سیاسەتی مۆدێرندا.
به بڕوای ئەو، ناسیۆنالیزمی فووتباڵی دەکرێت دەربڕینی شانازیی و غرووری ئەو کۆمەڵگایانە بێت کە ماوەیەکی درێژە وەک پەراوێزخراو مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. ھەروەھا نیشاندەری ئەوەیە کە چۆن ناسنامەی نەتەوەیی لە گلۆبالیزم ڕزگاری دەبێت، چۆن هێزی نەرم لە ڕێگەی سۆزی گشتییەوە کار دەکات و چۆن نەتەوەکان بۆ دانپێدانانیان لە گۆڕەپانە هێمایی و ماددییەکاندا، مۆندیال دەکەنە نمایشێکی نەتەوەیی.
و ڕستەی کۆتایی نووسەر:
له سەردەمێکدا کە بە ڕواڵەت بەجیهانی بووە، مۆندیال ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە نەتەوە ون نەبووە و لەناو نەچووە.
بڕوانە بۆ:
World Cup 2026: The Last Acceptable Nationalism, Ilan Kapoor, The Loop, 2026.


No Comment! Be the first one.