ڕۆژهەڵات؛ سەربەخۆیی بە پێی تیۆریگەلی مافی قەرەبووکردنەوە/ چارەسەر کردن
پێشەکی
لە نێو ئەو ڕێگایانەی کە بۆ جوداییخوازی یان سەربەخۆیی، بوونی هەیە و وڵاتان، لە ڕەوتی ڕزگاری نەتەوەیی دا، هەوڵیان بۆ داوە، لەوانەیە گونجاوترینیان بۆ ڕۆژهەڵات، ڕێگایەکە کە بە “تیۆریگەلی مافی قەرەبوو کردنەوە/ چارەسەرکردن”دا تێدەپەڕێت. بە پێی ئەم تیۆریگەلە، گرووپ یان ناوچەیەک، تەنیا لە بارودۆخێکدا مافی جودابوونە و سەربەخۆییان هەیە کە دژ بەوان، ستەم و بێعداڵەتی گەوڕە کڕابێت. مەرجەکانی سەربەخۆیی لەم تیۆرەدا بریتی دەبن لە پێشێلکاری بەرفراوان و بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ، یان داگیرکاری نایاسایی، یان پێشێلکردنی گرێبەستەکانی ئۆتۆنۆمی پێشوو لە لایەن حکومەتی ناوەندی. لێرەدایە کە جودایی دەبێتە دوایین ڕێگاچارە بۆ کۆتاییهێنان بە ناعەداڵەتی گەورە.
ئارگۆمێنت
لە دەسپێکی سەرهەڵدانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران تاکوو ئێستا، لانیکەم دەتوانرێت بە تاک و بە کۆ، بەم پیلان و ڕووداگەلە ئاماژە بکرێت کە توانستی ئەوەیان تێدایە بە مەرجی بەڵگەمەند کردن و بە یاسایی کردن، بەستێن بخولقێنن بۆ ئیدعای بێعەداڵەتی گەورە لە لایەن حاکمییەتی ئێرانی:
نەورۆزی خوێناوی سنە،
شەڕی نەغەدە و کوردکوژی لە لایەن پڕۆکسییە خۆجێیەکانی حاکمییەتی ئێرانی،
فەرمانی جیهادی خومەینی لە ۲٨ی گەلاوێژ،
لەشکەرکێشی سەرتاسەری بۆ کوردستان،
جینایەتەکانی پاوە،
شەڕی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ی سەقز،
کۆمەڵکوژی قاڕنێ و قەڵاتان و ئیندەرقاش و….،
لە سێدارەدانەکان لە سەرتاسەری کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨،
شەڕی سەرتاسەری دووهەم لە بەهاری ۱۳٥۹ و فەرمانی جیهادی دوو،
شەڕی ٢٤ ڕۆژەی سنە لە ساڵی ١٣٥٩،
شەڕی خاکەلێوە و گوڵانی ١٣٥٩ی سەقز،
شکست پێهێنانی بەرنامە بۆ داڕێژراوی لێژنەی نیازپاکی “هیات نمایندگی خلق کورد” لە لایەن حکومەتی ناوەندی،
لەسێدارەدانی ٥٩ لاوی مەهابادی،
زۆرترین ژمارەی ئێعدام و دەسبەسەر کردنی سیاسی لە کوردستان تا ئێستا،
تێرۆریسمی نێودەوڵەتی حاکمییەتی ئێرانی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دژ بە چالاکانی سیاسی کورد،
سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژی سنە لە سێی ڕەشەمەی ١٣٧٧،
سەرکوتی سەرتاسەری هاوینی ساڵی ١٣٨٤،
شۆڕشی ژینا و سەرکوت و کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستان،
کۆمەڵکوژی و سەرکوتی کرماشان و مەڵەکشای و ئەزنا لە بەفرانباری ۱٤۰٤
بەرزترین پێوەرەکانی فەلاکەت لە ئێران و جیهان لە پارێزگا کوردستانییەکان،
هەڵاواردنی سیستەماتیکی ئایینی،
هەڵاواردنی سیستەماتیکی ئێتنیکی،
هەڵاواردنی سیستەماتیکی ئیداری،
قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی
هەڵاواردنی ئابووری،
گەشەنەکردنی سیستماتیک،
بەرزترین ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی کوردستان،
بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسان لە پارێزگاکانی کوردستان،
تاڵانکردنی سیستماتیکی سەرچاوە ژێرزەمینییەکان و ڕووزەمینییەکانی کوردەواری،
کوشتنی سیستەماتیکی کۆڵبەران و….
بۆچی ئەم دۆکتۆرینە گونجاوترینە؟
یەک. گونجاوە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی
یاسای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی گشتی جەخت لە سەر “سەروەری و پاراستنی خاکی دەوڵەتان” (Territorial Integrity) دەکەنەوە. ئەگەر بەڵگەی جودابوونەوە تەنیا لەسەر بنەمای “جیاوازیی نەتەوەیی” (Nationalist Theory) بێت، بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان پشتیوانی ناکەن، چونکە هەم بەربەستی یاسایی هەیە وەکوو “نۆرمی نەگۆر” (Peremptory Norm) و هەم دەترسن بێتە هۆی پارچەپارچەبوونی وڵاتانی خۆشیان. بەڵام کاتێک داواکارییەکە لەسەر بنەمای “Remedial Right” بێت، مافی سەربەخۆیی دەبێتە پێویستییەکی مروڤایەتی بۆ ڕزگاربوون لە ستەم، کە یاسای نێودەوڵەتی ڕێگەی پێ دەدات.
دوو. بەڵگەی مێژوویی و سیستەماتیک لە ڕۆژهەڵات
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، مەرجە سەرەکییەکانی ئەم تیۆرییە بە تەواوی ئامادەن بە مەرجی ئەوەی بەڵگەمەند بکرێن.
سێ. نەمانی هیوا بۆ “چارەسەری ناوخۆیی” (Internal Self–Determination)
ئەم تیۆرییە دەڵێت کاتێک جودابوونەوە ڕەوایەتی وەردەگرێت کە سیستەمی ناوەندی هیچ دەرگایەکی بۆ چاکسازی و دیالۆگ نەهێشتبێتەوە. لە ئەزموونی مێژووییی ڕۆژهەڵاتدا، هەوڵە ئاشتییانەکان و داواکارییە فیدراڵی یان دیموکراتییەکان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە بە زەبری هێز و سەرکوت وەڵام دراونەتەوە. وەک ئامرازێک، ئەمە دەیسەلمێنێت کە جودابوونەوە دوا ڕێگەچارەیە (Last Resort).
چوار. کەمکردنەوەی دژایەتیی وڵاتانی هەرێمی و زلهێزەکان
کاتێک دۆزی ڕۆژهەڵات وەک “دۆزێکی مرۆیی و مافی مرۆڤ” کە وەڵامێکە بۆ ستەمێکی لەڕادەبەدەر دەخرێتە ڕوو، زیاتر هاوسۆزیی ڕای گشتیی جیهانی و ڕێکخراوە جیهانییەکان بەدەست دەهێنێت تا ئەوەی وەک تەنیا “ناسیۆنالیزمێکی قومی” لێک بدرێتەوە.
پەنج. خاڵی هاوبەشی قوربانی بوون
هەموو کوردێک، بە هەر بیر و بڕوایەک، یان بە هەر ئایدیۆلۆژی و ڕوانینێک، چ وەکوو تاک، چ وەکوو کۆمەڵگا، چ وەک حیزب و لایەن و ڕێکخراوە، سیاسی بێت یان خود نا، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە شێوازی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی، لە ئەزموونکردنی بێعەداڵەتی لە زەمەن و شوێن دا، بێبەری نەبووە و کۆی هەموو ئەم بێعەداڵەتیگەلە، دەتوانرێت وەکوو بێعەداڵەتی گەورە، یاسای نێودەوڵەتی، بە قەناعەت بگەیەنێت یان ناچار بکات داواکاری کورد لە ڕۆژهەڵات، وەک دوایین چارەسەر، دانی پێدا بنێت.
تێبینی
لە سەرەتای پێکهێنانی دەوڵەت- نەتەوەی ئێرانی تاکوو حکومەتی کۆماری ئیسلامی و لە سەردەمی پەهلەوی یەکەم و دووهەمیش دا، چ وەکوو پلان داڕشتنی ماکرۆ لە ئاستی سیاسەتی گشتی و چ لە ئاستی سەرکوتی ڕەق دا، نموونەگەلێکی ئاشکرا و ڕوونیش بوونیان هەیە کە نەتەوەی کورد لە کوردستانی بندەستی ئێران، قوربانی بێعەداڵەتی گەورە بووە و پیشان دەدەن کە ئەوەی کورد، تووشی بووە و بەردەوام بووە تا ئێستا، تەنیا پەیوەندی بە حکومەتەکانەوە نەبووە و نییە بەڵکوو ئەوەی دژ بە کورد کراوە بەرهەمی حاکمییەتی ئێرانییە.
ڕستەی کۆتایی
گونجاوترین شێواز بۆ سەربەخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەڵک وەرگرتنە لە تیۆڕیگەلی مافی قەرەبووکردنەوە/ چارەسەر کردن بە بە یاسایی کردنی پرسی کوردستان و کورد لە ڕێگای سەڵماندنی “بێعەداڵەتی گەورە“.

No Comment! Be the first one.