ڕۆژهەڵات؛ چۆن بەناو سیاسەت بزووتنەوەیەکی بەرەو فەوتان برد
کاتێک مانەوە و بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکان لە پێش ئامانجی ڕزگاریخوازانە کەوت،
کاتێک ڕەوتی سیاسی، بزووتنەوەی بە میرات یان موڵکی کەسی خۆی زانی،
کاتێک هەموو پلاتفۆرم و سەرچاوە و دەستکەوتەکان بە ناوی تاقمێک تۆمار کرا،
کاتێک فرەچەشنی بزووتنەوە لەناو بردرا و لە ململانێی دەسەڵاتدا کورت و نوقسان کرا،
کاتێک پاکترین هەستەکان بە پڕوپاگەندە و بەکارهێنانی کوتلەیی قوربانییەکان و ئەو تێچوونەی کە خەڵک دایان، قۆزرایەوە،
کاتێک سیاسەتی شانۆیی و کردەی ڕووکەش جێگەی خەباتی ڕاستەقینەی گرتەوە،
کاتێک سیمبۆل بازی ڕادیکاڵ و بێمانا، جێگەی ڕاستی بزووتنەوەکەی گرتەوە،
کاتێک پەنابردنە بەر سوپکیی و سوواوی میدیایی بوو بە بەرنامە،
کاتێک ئایدیاڵە ڕزگارکەرە گەورەکان لە دەمەقاڵەی کۆڵکە کەسایەتییە سیاسییەکان کورت و بێ بەها کران،
کاتێک تاقمچییەتی و یەکتر ڕووخانی ناوخۆیی و خۆماڵی بوو بە ڕۆتین،
کاتێک لە جیاتی بەرەنگاربوونەوەی سەرچاوەی ستەم و داگیرکاری، هەموو دەسەڵاتی سیاسەت لە کاولکاری و قێزەون کردن و تیرۆرکردنی کەسایەتی گرووپ و هێزەکانی تری هاوتەریب خەرج کرا،
کاتێک ڕەخنەی ناوخۆیی بە خیانەت، وابەستەیی، یان ناپاکی لێکدرایەوە و سەرکوت کرا،
کاتێک کەشوهەوای سیاسی بزووتنەوەکە وەک هەمان دوژمنی لێهات کە بۆ ڕزگاری لەو پێک هاتبوو،
کاتێک سیاسەت پشتی بە یارمەتییە داراییەکانی دیکە بەست و بووە هۆی زەوتکردن و لەکیس چوونی سەربەخۆیی بڕیار،
کاتێک چاوپۆشیکردن لە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی خەڵک و ئیرادەیان، بە ناوی ئەمری واقێع، بە لارەڕێگەدا برا،
کاتێک شانازیکردن بە مێژوو بوو بە هەموو سەرمایە،
کاتێک هەلپەرستی و دەرفەت سووتاندن، بە ئەقڵانییەت، فرۆشرا،
کاتێک بێ پلانی و ڕۆژمەڕەبوون، جێگەی ئاسۆیەکی بەدیل و پلانێکی دیاریکراوی گرتەوە،
کاتێک تەنها “نە وتن” بە دۆخی ئێستا و ئێرە بوو سیاسەتی گشتی،
کاتێک هێزی سیاسی نەیتوانی نیشان بدات “سبەی چی ڕوودەدات؟” و پلانێکی تایبەتی نەبوو بۆ دواڕۆژی دوور و نزیک،
کاتێک بێتوانایی لە ڕێکخستن و بەدامەزراوەییکردن، گۆڕدرا بۆ شەپۆلی سۆزداریی زوو تێپەڕ،
کاتێک دەسەڵاتی سیاسی نەیتوانی پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان جەستەی کۆمەڵگا و خۆیدا دروست بکات،
کاتێک سیاسەت، بزووتنەوەکەی لە ئاستی دەردانی سۆزداریدا بە هەڵپەسێردراو هێڵایەوە،
کاتێک قۆرخکاری تاکەکەسی یان ڕێگەنەدان بە سەرهەڵدانی ڕووخساری نوێ، بزووتنەوەکەی لە جووڵە خست،
کاتێک نەبوونی بەرپرسایەتی و لێپرسینەوە و شان شلکردنەوە پێناسە کرا بە زیرەکی لە سیاسەت،
کاتێک تاقمی خەیانەت جڵەوی گرتە دەست،
کاتێک ئێرانچییەتی بوو بە وێژمانی باڵا،
کاتێک نەتەوە بوون، کرا بە ئامرازی سات و سەودا،
و کاتێک میکانیزمەکانی چاودێری و فیدباک، بوون بە کاڵای بازاڕ و گالتەپێکردن و گاڵتەجاریی،
سیاسەت و ڕەوتی سیاسی، بزووتنەوەی تووشیاری نەخۆشین و ناساخی کرد.
دواتر:
بزووتنەوەکە سووک سەیر کرا، بەرەو سوپکی و سوواوی برا، بێناوبانگ کرا و
دواجار:
بزووتنەوەیەک بەدەستی بەناو سیاسەتەوە فەوتێندرا.
Self-Sabotage

No Comment! Be the first one.