حەکایەت
کار لە کار تراز
لە گەورە شار، ڕێپێوانی ناڕزایەتی بەردەوامە. کچ و کوڕێکی خۆێندکار کە خۆشەویستی یەکترن، ڕۆژانە دوای تەواو بوونی کلاسەکانی زانکۆ، لە ڕێگای چوونەوە بۆ ماڵ، ڕێپێوانەکان سەیر دەکەن. پێشتر لە زانکۆش، باسەکانی دژە داگیرکاری و ئازادیخوازی و پێویستی گۆڕانکاری گەرمن بەڵام دوو ئەویندارەکەمان، زۆر خۆیان لێنادەن.
هێواش هێواش، گوێچکەیان سووک ئەبێت و چاویان دەکرێتەوە و دواجار، لەگەڵ ناڕزاییەکان دەکەون و دەچنە نێو شەپۆلی ڕێپێوانەکان.
ماوەیەک دواتر، دەکەونە پێش هەموان و ڕۆژێک لە کاتی تەقە و سەرکوتی هێزی ئەمنی، کوڕەکە فیشەکی بەردەکەوێ و دەکوژرێ.
ڕۆحی کوڕەکە دەچێتە بەر بارگای خودا و خوداوەند دەفەرمێ: بۆچی وات کرد؟ سەیر کە بزانە چ داهاتوویەکی جوان و عاشقانەم بۆ خۆت و خۆشەویستەکەت ئامادە کردبوو. خۆت بە کوشت دا و خۆشەویستەکەشت و بەختەوەریت تێکدا.
کوڕەکە دوای سەیر کردنی پلانی داهاتووی خوداوەند پەشیمان دەبێتەوە و ئێژێ: ڕاستە خوداوەندی دوو جیهان، ئیتر کارە و هاتە، ببوورە پلانی تۆیشم تێکدا.
خوداوەند دەفەرمی: زۆر ئازیز بوون ئێوە دوانە و ئەوینداریتان، بۆیە دەرفەتێکی دووبارتان دەدەمێ. زیندووت دەکەمە بە مەرجی ئەوەی بە پێی ئەو پلانە پیشانم داوی بچیتە پێش و عاقڵ و ماقووڵ بیت.
کوڕەکە سپاسی خوداوەند دەکات: فەرمانتە قوربان، بەسەرچاو.
کوڕەکە دەگەڕێتەوە و ژیانی ئاسایی و ژیانی خۆشەویستی و خوێندن ، سەر لە نوێ دەسپێدەکاتەوە. دوای ماوەیەک، مێشکی بۆنی سەوزی قاورمەگراویان دەجووڵێت و دیسانەوە، بەشدار دەبن و دیسانەوە ڕێپێوان و ناڕزایی و دیسانەوە هێڵی یەکەمی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیستەمی سەرکوت و دیسانەوە تەقە و فیشەک و کوژران.
دێتەوە بارەگای خوداوەند. خودا بزەیەک دەکات و دەفەرمێ: ها؟ چی بوو؟ خۆ فەرمانت نەبردە سەر؟ کوا بڵێنەکە وا دابووت؟
کوڕەکە سەیری خوداوەند دەکات و بە پێکەنینەوە ئێژی: قوربان گیان! کار لە کار ترازا
ت.ب: خویندنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە و کوردانە بۆ کتێبی کار لە کار تراز، ژان پۆل ساڕتر😉
ت.ب دوو: کار لە کار ترازاوە کەسەکەم، ئێرانی چی و ئێرانیی چی؟!🙂