دووبارە خوێندنەوەیەک بۆ مێژووی سیاسی پرسی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا
ئەم دابەشکارییە بانگەشەی گێڕانەوەی تەواوەتی مێژووی کوردستان ناکات، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە پەرەسەندنی ڕەوتی هۆشیاری سیاسی کورد لە بازنەیەکی سەد ساڵەدا؛ هۆشیارییەک کە شانبەشانی هۆکارە ژیۆپۆلیتیک، ئابووری، سەربازی و فەرهەنگییەکان، ڕێڕەوی مێژوویی خۆی پەیڕەو کردووە. ئاشکرایە کە ئەزمونی کورد لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان وەک یەک نەبووە و چڕی یان فۆرمی ئەم قۆناغانە لە هەر بەشێکدا جیاواز بووە. بەڵام ئەوەی لێرەدا لەبەرچاو دەگیرێت، پرۆسەی گشتی پەرەسەندنی بیری نەتەوەیی و خودئاگایی کوردە لەسەر پێوەرێکی مێژوویی.
لە هەمان کاتدا پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەم پرۆسەیە، هێڵی و یەکسان نەبووە. لە چوارچێوەی هەمان ئەو قۆناغانەدا ئەزموون و بزووتنەوەگەلێک هاتوونەتە ئاراوە کە ئاسۆی سەربەخۆیی نەتەوەیییان زۆر زووتر و ڕوونتر لە ڕەوتی سیاسی باڵادەستی سەردەمی خۆیان دەربڕیوە. ئەم حاڵەتانە دەتوانرێت نەک وەک ئیستسنای دەرەوەی مێژوو بەڵکوو وەکوو پێش ئاگایی پێشوەختە یان نیشانە سەرەتاییەکانی پێگەیشتنی داهاتووی هۆشیاری نەتەوەیی خوێندنەوەی بۆ بکرێت؛ واتە ئەو ساتانەی کە مێژوو پێشتر ئیمکانی ڕێگای سێهەمی نیشانداوە.
یەک لە سێ: سەردەمی ئایدیالیزم و گەشبینی سیاسی
ئەم قۆناغە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکی بزووتنەوە مۆدێرنەکانی کورد لە سەدەی بیستەم و بەریەککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ چەمکە مۆدێرنەکانی مافی چارەی خۆنووسین. ئەم قۆناغە ڕەنگدانەوەی جۆرێک لە گەشبینی سیاسی و هیوای سۆزداری بوو وەکوو دروشمگەلی پێکەوەژیان و برایەتی گەلان و بەڵێنی زلهێزەکانی جیهان و توانای ئایدۆلۆژیا سەرهەڵداوەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد. بەشێکی بەرچاو لە نوخبەی سیاسی کورد لەم قۆناغەدا وەدیهاتنی ئایدیاڵە نەتەوەییەکانیان بە وابەستەی پشتیوانی زلهێزە دەرەکییەکان، پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان یان قوتابخانەی فیکری هاوردەکراو دەبینی.
لەم قۆناخەدا کورد پێیوابوو کە دەبێ لەدەرەوەی خۆیدا بەدوای حیکمەت و ڕێنمایی ڕێگاکەدا بگەڕێت. پێیان وابوو کە مافە نەتەوەییەکان بە پشتبەستن بە ئایدۆلۆژیا جیهانییەکان یان ڕەزامەندی زلهێزەکان بەدەست بهێنرێت. لە ئەنجامدا ئیرادەی نەتەوەیی بەسترابووەوە بە هاوپەیمانییە دەرەکییەکانەوە نەک بە توانا ناوخۆییەکان و ئەو بیرۆکەیەی کە بیرکردنەوە، ئاراستە، ڕێکخستن و کردار دەبێ ناوخۆیی بێت، بووبووە شتێکی لاوەکی.
بێگومان ئەم دۆخە تەنیا بەرهەمی هەڵەی نوخبە یان لاوازی هۆشیاری سیاسی نەبووە، بەڵکوو تا ڕادەیەکی زۆریش لە هەلومەرجی مێژوویی ئەو سەردەمەوە سەرچاوەی گرتووە؛ سەردەمێک کە زۆرێک لە گەلانی بێدەوڵەت هیواکانیان بە نەزمێکی نوێی جیهانی و بەڵێنەکانی زلهێزە سەرکەوتووەکانی شەڕەکاندا چەسپاند.
ئەرکی مێژوویی ئەم قۆناغە بریتی بوو لە پێدانی چێژێکی سەرەتایی لە شوناسخوازی بە کۆمەڵگا و سەلماندنی ئیمکانی خەونی ڕزگاری. هەرچەندە ئەم قۆناغە نەیتوانی سەقامگیری بابەتیانە بەدەست بهێنێت، بەڵام تۆوی خودئاگایی نەتەوەیی لە کۆمەڵگای کوردیدا چاند. دواتر لەگەڵ یەکەم بەریەککەوتنی توند لەگەڵ واقیعی دەسەڵات و ئیرادەی سنوورداری ئەکتەرە دەرەکییەکان، ئەم گەشبینییە، وردە وردە جێگەی خۆی بە تێڕوانینێکی واقیعیتر دا.
هەر لەم قۆناغەدا و تەنانەت لەناو ئەم کەشوهەوای باوەشدا، یەکەم دەرکەوتە ئاشکراترەکانی بیری سەربەخۆییخوازیش سەریان هەڵدا. بزووتنەوەکانی وەک بزووتنەوەی سمکۆ و پاشان ئەزموونی کۆماری کوردستان بە ڕێبەرایەتی قازی محەممەد دەبێت لەم ڕوانگەیەوە تێبگەین؛ نەک وەک ئیستسناء لە دەرەوەی ڕەوتی مێژوویی، بەڵکوو وەک نیشانەی سەرەتایی ئەگەرێکی سیاسی کە هێشتا لەسەر ئاستێکی کۆمەڵایەتی فراوان دامەزرابوو. هەرچەندە ئەم ئەزموونانە بە هۆی بارودۆخی سەختی ناوچەیی و نێودەوڵەتی درێژەیان نەکێشا، بەڵام دەریانخست کە بیرۆکەی سەروەری و سەربەخۆیی کورد، تەنیا بەرهەمی قۆناغێکی دواتر نەبووە، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی قووڵتری لە یادەوەری و خەیاڵی سیاسی کۆمەڵگەی کوردیدا هەبووە.
دوو لە سێ: تەڵەی ناچاربوون بە دووبارەبوونەوەی تڕۆما و وەرینی شوناس لە زەوی ناوەنددا
ئەم قۆناغە هاوتایە لەگەڵ بەشێکی زۆر لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان و هەوڵە وەرچەرخانەکان بۆ چەسپاندنی مافەکان لە چوارچێوەی سنوورە سەپێنراوەکاندا؛ قۆناغێک کە تیایدا سووڕی سەرکوت و ڕاپەڕین و دانوستان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی قەیرانەکان، چەندین جار دووبارە بووەوە.
لەم قۆناغەدا سیاسەتی کوردی لەژێر گوشاری دڵەڕاوکێی سەرهەڵدانی بێدەوڵەتی و نائەمنی مێژووییدا، چەندین جار بەرەو ستراتیژی سازان لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات هەنگاوی نا. هەندێک لە نوخبە سیاسییەکان هیوایان خواست کە بە بەشداریی زیاتر، هەوڵدانی زیاتر، یان گفتوگۆی باشتر، پێکهاتە ناوەندگەرایی و پاوانخوازەکان بەرەو قبووڵکردنی مافە نەتەوەییەکان پاڵ بنرێت.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە مەرج نییە ئەم هەوڵانە دەرئەنجامی لاوازی یان بێهەڵوێستی بووبێت. زۆرێک لە پڕۆژەکانی ئۆتۆنۆمی، فیدراڵیزم، یان بەشداری سیاسی بە وەڵامی عەقڵانی بۆ هاوسەنگی هێز کە لەو کاتەدا هەبووە دادەنران. بەڵام ئەزموونی مێژوویی وایکرد بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگای کوردی بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئەم ڕێبازانە سەرەڕای هەندێک دەسکەوت، نەیانتوانیوە ئاسایشی سەقامگیر و گارانتی مافە نەتەوەییەکان دابین بکەن.
لەم قۆناغەدا جۆرێک لە خولگەی وەچەخستنەوەی وابەستەیی سیاسی دروست بوو؛ خولگەیەک کە وزەی کۆمەڵایەتی و تواناکانی گەشەپێدانی کوردستانی کەم کردەوە. دووبارەبوونەوەی قەیرانەکان و شەڕە سەپێنراوەکان و شکستی ڕێککەوتنەکان فەزای گشتی لە هەوکردنی درێژخایەندا هێشتەوە و بەشێکی بەرچاو لە وزەی کۆمەڵگایان بۆ مانەوە خەرج کرد.
لەم نێوەندەدا، بەشێکی دیار لە سیاسەتی کورد، لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر توانا ناوخۆییەکان بێت، تەنیا لە پیلانگێڕییە ناوچەییەکان، ئابووریی ناوەند، ئایدیۆلۆژیسم، یان دوژمنایەتیی ئەکتەرە بیانییەکان، بە دوای ڕەگی کێشەکاندا دەگەڕان. هەرچەندە ئەم هۆکارانە هەڵگری بڕێک ڕاستیی بوون، بەڵام بەستنەوەی هەموو شکستەکان بەم فاکتەرگەلە، هەندێکجار هەستی بەرپرسایەتی مێژوویی لاواز و ئاسۆی بڕیاردانی سەربەخۆیی سنووردار دەکرد.
بە تێپەڕبوونی زەمەن و لە بەریەککەوتن لەگەڵ هێڵە سوورەکانی ناسنامە و شوناسدا، هێدی هێدی بیری نوخبەی کورد لەو باوەڕە نزیک بووەوە کە ڕەنگە پرسی سەرەکی چاکسازی لە پەیوەندی لەگەڵ ناوەنددا نەبێت، بەڵکوو بیرکردنەوە لە جەوهەری ئەم پەیوەندییە بووبێت.
سێ لە سێ: سەردەمی بەئاگابوونەوە و پێگەیشتن و مانیفێستی سەروەری نەتەوەیی
ئەم قۆناغە، سەردەمی ئارمانگەرایی فەرهیختە و گەڕانەوەیە بۆ خودی نەتەوەیی و هەنگاونان بەرەو بەرپرسایەتی تەواو لە چارەنووسی کوردستان.
لەم قۆناغەدا پرسی سەربەخۆیی نەتەوەیی لە ئایدیاڵێکی تەنیا سۆزداری یان خولیا و ئارمان، دەگۆڕێت بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بابەتیی. سەربەخۆیی چیتر تەنیا دروشمێکی حەماسیی نییە، بەڵکوو بەستراوەتەوە بە پێداویستییەکانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا و ئاسایشی بەکۆمەڵ و گەشەسەندنی بەردەوام و سەقامگیری سیاسی و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی.
لەم قۆناغەدا بەرپرسایەتی ڕزگاری کوردستان لە پێش هەموو شتێکەوە لە ئەستۆی خودی نەتەوەی کورددایە، چاوەڕوانی بەخشینی مافەکان لە لایەن ئەوانی تر، جێگەی خۆی دەدات بە هەوڵێک بۆ ڕێکخستنی توانا ناوخۆییەکان، و هەر دژایەتییەک یان بەربەستێکی دەرەکی نەک وەک هۆکارێک بۆ پاسیڤیەت، بەڵکوو وەک هاندەرێک بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی نەتەوەیی سەیر دەکرێت.
لە ڕوانگەی ئەم دوووجارە خوێندنەوە مێژووییەوە، ئەزموونی سەدەی ڕابردوو، بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگای کوردیی گەیاندووەتە ئەو ئەنجامەی کە سەربەخۆیی سیاسی، زیاتر لە بژاردە تاقیکراوەکانی دیکە، توانای دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندن و بەردەوامیی شوناسی نەتەوەیی هەیە. ئەم گەڵاڵەیە نەک وەک دیتەرمینیزمێکی مێژوویی، بەڵکوو وەک دەرئەنجامی ئارگیومێنتێکی سیاسی و ئەزموونی مێژوویی کەڵەکەبوو خوێندنەوەی بۆ کرا.
لەم قۆناغەدا کوردستان وەک قەوارەیەکی خاوەن شوناس و ئیرادە و توانای سەربەخۆ پێناسە دەکرێت؛ قەوارەیەک کە بۆ شەرعییەتی خۆی، پێویستی بە تێکەڵبوون و ئێنتگراسیۆن، پێکەوە ژیان و برایەتی و فێدراڵی، لەگەڵ ئەویدی ناخود یان شارۆمەندی و دێمۆکڕاسی بۆ و لەگەڵ وڵاتی داگیرکەر نییە و دەتوانێت بەرپرسایەتی سەرکردایەتی و ئارامی و سەقامگیری جوگرافیای خۆی لە ئەستۆ بگرێت.
تێپەڕین لە هەست و سۆزی زوو تێپەڕ و هەوکردنی درێژخایەن و وابەستەییە سیاسییەکان، ڕێگا بۆ پێکهێنانی حوکمڕانییەک دەکاتەوە کە بتوانێت کوردستان بگۆڕێت بۆ هاوبەشێکی بەهێز و شکۆمەند و بەرپرسیار لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.
بەم مانایە، جەخت دەکەمەوە کە قۆناغی سێهەم، کۆتایی مێژوو نییە، بەڵکوو سەرەتای سەردەمێکی نوێی بەرپرسایەتی نەتەوەییە؛ سەردەمێک کە چارەنووسی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر بەستراوەتەوە بە ئیرادە و ڕێکخستن و پێگەیشتنی سیاسی خودی کۆمەڵگای کوردەوە.


No Comment! Be the first one.