چاوخشاندنێک بە ئێرانچییەتی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دوای شۆڕشی ژینا
کاتێک لە شۆڕشی ژینا، کۆمەڵگای کوردستانی و بەتایبەت نەوەی نوێ لە ڕۆژهەڵات، لە چەمکەکانی وەک “کوردی ئێرانی”، “پێکەوەژیان”، “برایەتی گەلان”، “کۆمەڵگای یەکسان”، “خودموختاری”، “فیدرالیزم” و “کۆنفیدرالیزم” تێپەڕی و گەیشتە ئەقڵانییەتێکی خودپێکهێنەری سەربەخۆییخواز، تێکهەڵکێشی لانی زۆری هێزە سیاسییە کوردییەکان بۆ پەراوێزخستنی ئەم داواکارییە، لە مانۆڕێکی تاکتیکی سادە تێپەڕی و ئێستا بووەتە دیاردەیەکی ستراتیژیک کە دەتوانرێت بەم پێوەرانەی خوارەوە شرۆڤەی بۆ بکرێت:
سەرەتا بە تیۆری چوارچێوەدار کردن بە ئەندازیاری پێچەوانەی وێژمان، پرسەکە ئاراستە کرا. کاتێک جەماوەر بەسەر هێزە سیاسییەکاندا تێپەڕی، ڕێکخراوە نەریتییەکان تووشی “دڵەڕاوکێی هێژمۆنگەرایی” بوون و نەوەی نوێی ڕۆژهەڵات کە چوارچێوەی دەروونی خۆیان لەسەر بنەمای “نەتەوە-دەوڵەتی خاوەن مافە سەروەرییەکان” داڕشتبوو، ڕووبەڕووی پڕۆژەی “ئەندازیاری پێچەوانەی چوارچێوەکان” بووەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم شەپۆلە.
سیاسەتی کوردی، بە بچووککردنەوەی چەقەواژە و زەقکردنەوەی چەمکگەلێک وەک “هاوڵاتیبوونی ئێرانی دێموکراتیک”، چوارچێوەکەیان لە “پرسی نەتەوەیی” و “پرسی خاک”ەوە گۆڕی بۆ پرسی مافی مرۆڤ و مەدەنی لە چوارچێوەی ئێراندا. ئەم زەقکردنەوە، پرسە سەرەکییەکە دەسڕێتەوە؛ چونکە پرسی نەتەوەی کورد نەبوونی دیموکراسی لە ناوەنددا نییە، بەڵکوو ڕەسەنایەتی مافی نەتەوەییە.
خاڵێکی تر، ناڕوونی ستراتیژیک وەکوو قاڵبە. چەمکگەلی بێ پشتوانەی یاسایی وەک فیدراڵیزم یان کۆنفیدرالیزم، بەبێ ڕوونکردنەوەی جوگرافی و حاکمییەتی، وەک چوارچێوەی کێشدار کاردەکەن. ئەم قاپگەلە بە شێوەیەک داڕێژراون کە لە یەک کاتدا سیگناڵی شوناسخوازی و نەتەوەییبوون بۆ جەماوەری کورد بنێرن و هاوکات سیگناڵی یەکپارچەیی سەرزەمینیش بۆ ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرایی ڕەوانە بکەن؛ دیاردەیەک کە لە شیکاری وێژماندا پێی دەوترێت “کۆدکردنی دووانە” و ئامانجەکەی نەزۆک کردنی ئیرادەی یەکلاکەرەوەی سەربەخۆییە.
پرسێکی گرنگی دیکە کە پێویستە ئاماژەی پێبکرێت، دەستکاریکردنی دەروونی نەوەکانە کە وەک میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنی مەعریفی
بەکاردێت بۆ کۆنترۆڵی نەوەیەک کە سنوورە دەروونییەکانی ڕابردووی بەزاندووە و بەکارهێنانیشی، بەئاگایی یان نائاگا، لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی جەماوەر تووشی “بێدەسەڵاتی فێربوو” ببێت، بە “تێکنیکی ڕیالیزمی خەمۆککەر” و “ڕیاڵیزمی ساختە”، بەردەوام تیشک دەخاتە سەر “ئابڵۆقەی ڕەهای ژیۆپۆلیتیک”، “نائامادەیی و ناڕەزایی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان” و “مەترسیەکانی بێتوانایی ئیدارەکردن” و “هەڕەشەی کارەسات”، قاڵبی دەروونی کۆمەڵگا ژەهراوی دەکات و بە پەیامی دەروونی کە: “مافمان هەیە، بەڵام هەرگیز ناتوانین”، حەماسەتی نەوەیەک بەرەو پووکانەوەی دەروونی دەبات.
خاڵێکی تر قەیرانسازی ناسنامەی لاوەکی، و کاتێکە کە نەوەی نوێ دروشمی سەربەخۆیی دەڵێنەوە، بەڵام هێزی سیاسی یان میدیاکانی سەر بەوان، ئەم نەوەیە بە “ڕادیکالیزمی کوێر”، “ناسیۆنالیزمی گەمژانە”، “نەبوونی تێگەیشتنی سیاسی” یان “گەمەکردن لە خاکی دوژمن”، و “فانتازیا” و “وەهم” تۆمەتبار دەکەن.
ئەم ڕووکردە، دەستکاریکردنی دەروونییە بۆ دروستکردنی گومان لە ئەقڵانییەتی خۆیدا تا نەوەی تێپەڕیوە لە ناوەند، گومان بکات لە ڕەسەنایەتی و ئیمکانی جێبەجێکردنی ماکڕۆگێڕانەوەی کوردستانی خۆی.
بابەتێکی دیکە کە پێویستە سەرنج بدرێت، جێگۆڕکێی پڕۆژەیە بە پرۆسە؛ سەربەخۆییخوازی “پڕۆسەیەکە کە ئاسۆ و ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت. دەستکاریکردنی دەروونی هێزە سیاسییەکان ئەم پڕۆسەیە دەکاتە “پڕۆژەیەکی ئەبەدی و بێکۆتایی چەقەچەق کردن بۆ دیموکراسی لە ئێراندا”. لەم حاڵەتەدا ئامانجی کۆتایی لە تەمێکی ناڕوونی دەستەواژەکانی وەک “ایران فردا” لەکیس دەچێت.
خاڵێکی تر بۆشایی کارکردی و بۆرۆکراسی بەرهەڵستکارانایە لە بەرامبەر دینامیزمی ڕادیکاڵدا.
لە ڕوانگەی زانستییەوە ئەم ڕووکردە، نوێنەرایەتی دژوازییەکی پێکهاتەیی دەکات. نەوەی نوێی ڕۆژهەڵات، چەمکە نەریتییەیەکان بە “بووکەڵە داشکاوەکان” دەناسێت و لەوانە تێپەڕیوە، بەڵام سیاسەتی کوردی، بە هۆی پشتبەستنیان بەو ڕێگایەی کە گیراوەتەبەر و سوودەکانی تێکەڵبوونیان بە هاوپەیمانی گەورەتر، توانا و ئیرادەیان نییە کە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەم بازدانە نەسڵییە، بۆیە لەبری ئەوەی نوێنەرایەتی ئەم ئیرادە نوێیە بکەن، پەنا دەبەنە بەر پەراوێزخستنی خواستەکە.
بە پشتبەستن بەو شتانەی کە گوترا، پەراوێزخستنی سەربەخۆییخوازی لەلایەن سیاسەتەوە، هەوڵێکی پێکهاتەییە بۆ لەغاوکردنی نەوەیەک کە چوارچێوەی دەروونی “تابعیت”ی شکاندووە. هێزە سیاسییەکان بە تێخنینی چەمکە بچووککراوەکان، لە ڕاستیدا “قەرەنتینەی مەعریفی” بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنن بۆ ئەوەی ئەم هۆشیارییە نەوەییە نەگۆڕدرێت بۆ کردارێکی سیاسیی یەکگرتوو و ڕێکخراو، هەوڵ دەدەن مێشکی نەوەی نوێ لە فۆرمە کۆنەکانی “کوردی ئێرانی” و دەرئەنجامە سیاسییەکانیدا زنجیر بکەن، ئەقڵیەتی بەدامەزراوەییکراو و چەقبەستوو لە جوگرافیای هێژمۆنیدا بەرهەم دەهێننەوە، و مافی سەروەریی نەتەوەیی و هاواری نەوەی نوێ لە پشت دیوارەکانی بۆرۆکراسی سیاسی و تەڵەکەی دیموکراسی ناوەند و سیستەمی “کوردی ئێران”دا سەرببڕن.
پەیوەندیدار بە کۆنسێپتەکان، بڕوانە بۆ:
Snow, D. A., & Benford, R. D. (2000). Framing Processes and Social Movements: An Overview and Assessment. Annual Review of Sociology.
Michels, R. (1915). Political Parties: A Sociological Study of the Oligarchical Tendencies of Modern Democracy. Free Press.


No Comment! Be the first one.