ناوچە ئازادەکان لە ڕۆژهەڵات؛ زڕەگەشە و پڕۆژەی ئێرانی بۆ سیاسەت ڕەوێنی لە ناسیۆنالیزمی پەراوێز
ئەم نووسینە بەدواداچوون بۆ کارکردی سیاسی بەرنامەی خێراکردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی لە هەر چوار پارێزگای سنە، ورمێ ، کرماشان و ئیلام دەکات. گریمانەی بنچینەیی توێژینەوەکە ئەوەیە کە حکومەتی ناوەندی بە بەکارهێنانی ستراتیژی “گەشەپێدانی ساختە” یان “زڕەگەشە”، هەوڵدەدات ناسیۆنالیسمی کوردستانی و ناوەندپەرێزی لەخۆبگرێت و ڕێگری بکات لە گریمانەی فۆرماسیۆنی هەر قەوارەیەک لە سەر ئەساسی پرسی نەتەوەیی لە نەزمی نوێی ناوچەکەدا. ئەم ڕووکردە بە گۆڕینی داواکاری پەراوێز لە “بێبەشبوون”ەوە بۆ “خۆشبژێوی کۆنترۆڵکراوی ڕانتی”، ڕێگری لە مانیفێستی نەریتی ناسیۆنالیزم دەکات. شێوازی ئەم توێژینەوەیە شیکارییەکی چۆنایەتییە کە لەسەر بنەمای ئابووری سیاسی و کۆمەڵناسی گەشە بە ڕوانینێکی بەراوردکارانە کراوە. دۆزینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە تێپەڕینی پارادایمیکی ناسیۆنالیزمی پەراوێزیی لە گوتاری “چەوساندنەوە” بۆ گوتاری “خاوەندار-ئاڕاستەکراو و تێکنۆکراتیک” پێشمەرجێکە بۆ فۆرماسیۆنی پرسی نەتەوەیی لە بەرامبەر ستراتیژییە نوێیەکانی ناوەنددا.
پێشەکی
پلاندانانی فەزایی و گەشەسەندنی ئابووری لە ناوچە سنووری و دەوروبەرییەکانی سیستەمی سیاسیی ناوەندیدا هەمیشە کارکردی پێداویستییە ئەمنی و ژیۆپۆلیتیکییەکانی حکومەتی ناوەندی بووە. خێرابوونی ڕەوتی دروستکردن و چەسپاندنی ناوچەی ئازادی بازرگانی لە پارێزگاکانی کوردەواری لە ڕۆژهەڵات، ئاماژەیە بۆ گۆڕانی فازی پێکهاتەیی لە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی ناوەند لەگەڵ پەراوێزی ناسنامەدا. تا پێش لەمە، ڕووکردی ڕێوەبردنی ئەم بوارانە لەسەر بنەمای ئامرازی بەرگریکارانەی “گەشەنەسەندوویی پێکهاتەیی و بە ئەمنی کردن” بوو؛ بەڵام ئەوەی دەبینرێت ئاماژە بە چالاککردنی میکانیزمی دابەشکردنەوەی ئابووری ڕانتی و دروستکردنی ئازادییە بازرگانییە سنووردارەکان دەکەن. ئەم ستراتیژییە کە دەکرێ ناوی بنێین “زڕەگەشەسەندن”، بۆ ئەوە دانراوە کە توانای ناسیۆنالیزمی کوردی کۆنترۆڵ بکات و ئەم جوگرافیایە لە بازنەی دراوی ئاسایشی ناوەنددا تێکەڵ بکات، بۆ ئەوەی ڕێگری لە لێکنزیکبوونەوەی لەگەڵ نەزمی نوێی ناوچەکە و لەوانە جیهانی کوریدورەکان بکات. پرسی سەرەکی توێژینەوەکە بریتییە لە ڕوونکردنەوەی ڕەهەندەکانی ئەم سیاسەتەی ناوەند، شیکردنەوەی نموونە نێودەوڵەتییە هاوشێوەکان و پەرەپێدانی نەخشەڕێگایەکی ستراتیژیک بۆ دووبارە دروستکردنەوەی پرسی نەتەوەیی لە هەلومەرجی باڵادەستی زڕەگەشەسەندن دا.
چوارچێوەی تیۆریک: ناسیۆنالیزمی ئابووری و تیۆری هەڵبژاردنی ئەقڵانی
بۆ ڕوونکردنەوەی سەریەککەوتنی نێوان گەشەسەندنی ئابووری و پرسی نەتەوەیی، کارامەترین چوارچێوەی تیۆریک، بریتییە لە تێکەڵکردنی “ناسیۆنالیزمی ئابووری” و “تیۆری هەڵبژاردنی ئەقڵانی” لە کۆمەڵناسی سیاسیدا.
بەپێی ئەم چوارچێوەیە، شوناسە بەکۆمەڵەکان و مەیلی ناسیۆنالیستی ئەگەری بەدەستهێنانی کۆکردنەوەی جەماوەری و سەقامگیری پێکهاتەیی هەیە کاتێک بتوانن هاوسەنگییەکی دیاریکراو لە نێوان “قازانجی هێمایین/ناسنامەیی” و “قازانجی ئەقڵانی/ماددی” بۆ ئەکتەرەکان دروست بکەن. ئەگەر حکومەتی ناوەندی بتوانێت سوودی ماددی کورتخایەنی هاوڵاتی پەراوێز لە ڕێگەی ئامرازی زڕەگەشەدا دەستەبەر بکات، ئەوا تێچووی ئەقڵانی چالاکیی ناسنامەی سیاسی بۆ تاک بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
بەم شێوەیە ڕەوتی زڕە گەشە یان گەشەسەندنی ساختە لە ڕێگەی سێ میکانیزمەوە کاریگەری لەسەر پرسی نەتەوەیی هەیە:
بچووککردنەوەی پرس بۆ ئەمری ماددی: گۆڕینی سەلیقەی کۆمەڵگا لە داواکارییە یاسایی/سیاسییە بنەڕەتییەکانەوە بۆ داواکارییە ڕووکەشەکانی بژێوی ژیان.
دروستکردنی بۆرژوازی وابەستە: پێکهێنانی چینێکی سەرمایەداری ناوخۆیی کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بەستراوەتەوە بە سەقامگیری پێکهاتەیی ناوەندەوە.
شەرعییەتی کارامەیی: گۆڕینی شەرعییەتی دیموکراتیک بە کارامەیی ئاسوودەژیانی ڕێژەیی و کۆنترۆڵکراو.
شیکاری بەراوردکارانە: ستراتیژییەکانی ناوەند بۆ کۆنترۆڵ کردنی ناسیۆنالیزمی پەراوێز
پێداچوونەوەیەک بە ئەزموونی وڵاتان دەریدەخات کە بەکارهێنانی ئامرازی ئابووری و نۆژەنکردنەوەی ڕەق ئامێر بۆ وەراندنی ناسیۆنالیزمە پەراوێزییەکان ئولگوویەکە لە زانستی سیاسیدا:
مۆدێلی مادرید بۆ کاتالۆنیا یان فیدراڵیزمی دارایی ناهاوسەنگ
دوای دەستووری ساڵی ١٩٧٨، حکومەتی ناوەندی ئیسپانیا مۆدێلێکی ئێنتگرە کردنی ئابووری گرتەبەر بۆ کۆنترۆڵی پرسی ناسنامە. مادرید بە بردنە ناوی کاتالۆنیا بۆ نێو سیستەمی باجی هاوبەش، داهاتی ئەم هەرێمە پڕ پیتەی لە ناوەنددا ئێنتگرە کرد و دواتر بەشێکی گەڕاندەوە لە شێوەی پڕۆژەی ژێرخانی گەورە لەوانە پەرەپێدانی بەندەری بارسێلۆن. لۆژیکی مەدرید ئەوە بوو کە بەرژەوەندییەکانی بۆرژوازی کاتالۆنیا بە بازاڕی گەورەی ئیسپانیاوە ببەستێتەوە.
هەر کاتێک ئەم ئامرازە ئابوورییە لە لایەن ناسیۆناڵیستەکان بلۆک دەکرا، ناوەند یەکسەر پەنای بۆ “دادوەریکردنی سیاسەت” و چالاککردنی بنەما دەستوورییە توندەکان وەک مادەی ١٥٥ بۆ هەڵپەساردنی ئۆتۆنۆمی دەبرد.
مۆدێلی لەندەن بەرامبەر سکۆتلەند یان مۆدێلی ڕێوەبەری سەندیکاگەرایی هۆشمەند
بەریتانیا بەردەوام بودجەی سەرتاسەری سکۆتلەندی بەرزتر لە ئینگلیس هێشتووەتەوە، بە بەکارهێنانی فۆرمۆلی بارنێت، بۆ دروستکردنی وابەستەیییەکی قووڵ بۆ خۆشبژێوی. لەندەن لە ڕێگەی ڕادەست کردنی دەسەڵاتەوە لە ساڵی ١٩٩٩ کاروباری ناوخۆی ڕادەستی ئەدینبۆرگ کرد بە مەبەستی دادوەری ڕەوێنی خواستی سەربەخۆیی و تێکەڵکردنی ناسیۆنالیستەکان بە بۆرۆکراسی ڕۆژانەی تەندروستی و پەروەردەدا. لە قۆناغی قەیرانەکاندا لە ریفراندۆمی ٢٠١٤، لەندەن بە پێکهێنانی کەمپینی ئابووری- ئەقڵانی، سەربەخۆیی وەک “مەترسییەکی گەورەی دراو و ئێعتبار” پێناسەکردەوە، بەمەش ڕێگری لە دابڕانی ژیۆپۆلیتیک کرد.
مۆدێلی چین بۆ سینکیانگ یان بە ئەمنیکردنی گەشەپێدان و پرۆلیتاریزەکردن
توندوتیژترین شێوەی گەشەپێدانی ساختە یان زڕەگەشە لە هەرێمی خۆسەری سینکیانگ لەلایەن حزبی کۆمونیستی چینەوە جێبەجێ کراوە. پەکین ژێرخانی سەختی ناوچەکەی گۆڕیوە بە وەبەرهێنانی ملیارەها دۆلار سەرمایە لە ژێر دەستپێشخەری “یەک پشتێن، یک ڕێگا” (BRI). ئەم پڕۆژەیە بە ئەندازیاری دیمۆگرافیکی تەواو یانی زیادکردنی دانیشتوانی هان لە ٧٪ بۆ نزیکەی ٤٠% و گۆڕینی گوندنشینانی ئویغور بۆ کرێکاری پیشەسازی هەرزان لە ئۆردوگاکانی کاردا ئەنجام دراوە. چین بە دروستکردنی “دیکتاتۆری دیجیتاڵ” و بڕینی پەیوەندییەکانی سنووربەزێنی ناوچەکە، فۆرمولی پەرەپێدانی “ڕەق ئامێر بێجگە مافی چارەی خۆنووسین” جێبەجێکردووە.
شیکاری ستراتیژی (SWOT) بۆ سیاسەتی زڕەگەشە لە کوردستان
بۆ ڕوونکردنەوەی وردی کارکردی ناوچە ئازادەکانی بازرگانی لە چوار پارێزگاکەدا کە ئاماژەیان پێکراوە، پێویستە پێکهاتە ناوخۆییەکان بە واتا خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بەستێنی خۆجێیی و گۆڕاوە دەرەکییەکان یانی ئەو دەرفەت و هەڕەشەگەلە کە لە سیاسەتی ناوەندەوە سەرهەڵدەدەن دەستنیشان بکرێت.
خاڵە بەهێزەکان
توانستی ژیۆپۆلیتیکی سنووری: پێگەی ستراتیژیکی بەستنەوە بە بازاڕە سنووربەزێنەکان بەتایبەت هەرێمی کوردستان و حەوزی دەریای ناوەڕاست.
یەکگرتوویی ناسنامەیی- کۆمەڵایەتی: بوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەرز و تۆڕەکانی هاوپشتی ناوخۆیی کە دەتوانرێت بگۆڕدرێن بۆ تۆڕی متمانەی ئابووری.
هێزی کاری جەوان و خوێندەوار: فراوانی هێزی کاری شارەزای تێکنۆلۆژی و بورۆکراسی مۆدێرن لە پانتایی چوار پارێزگاکەدا.
خاڵە لاوازەکان
نەبوونی ژێرخانی سەرەتایی: نەبوونی ڕێگاوبانی ستاندارد، تۆڕی شەمەندەفەری بەرفراوان، و فڕۆکەخانەی مەزن بۆ پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی پیشەسازی لە ناوچە ئازادەکاندا.
نەبوونی سەرمایەی پێکهاتەیی لۆکاڵ: پشتبەستنی بەهێزی کەرتی تایبەتی ناوخۆیی بە بازرگانییە بچووکەکان و نەبوونی کۆنسێرسیۆمی دارایی گەورە.
گرفتی کارگێڕی-دامەزراوەیی: نەبوونی هەماهەنگی ستراتیژیک و پێکهاتەیی لە نێوان ژوورەکانی بازرگانی و ئەکتەرە ئابوورییەکان لەم چوار پارێزگایەدا.
دەرفەتەکان
پێکهاتنی چینی ناوەڕاستی نوێ: گواستنەوەی حەتمی کۆمەڵگا لە چوارچێوەیەکی نەریتی و بژێوی ژیانەوە بۆ پێکهاتەیەکی شارستانی و بازرگانی کە لە سروشتدا، داواکار تەوەرە.
گۆڕینی فازی دەروازە سنوورییەکان بۆ ناوچە فەرمییەکان: کەمکردنەوەی کۆنترۆڵی ئەمنی ڕووت بەسەر سنوورەکاندا و گۆڕینیان بۆ فەزای ئاڵوگۆڕی یاسایی و ئابووری.
کەڵەکەبوونی سامانی ڕێژەیی: سەرهەڵدانی سەرمایەی زیادە لە کۆمەڵگای پەراوێزدا کە لە دەرەوەی هەژاری ڕەها، ئەگەری پەروەردەی مۆدێرن و هۆشیاری یاسایی دابین دەکات.
هەڕەشەکان
بۆرژوازی وابەستە و ڕانتخۆر: پێکهێنانی بژاردە ئابوورییە خۆجێیەکان کە بەرژەوەندییەکانیان، پاراستنی دۆخی ئێستا و پەیوەستبوون بە کەناڵەکانی دابەشکردنی ڕانتی ناوەندەوەیە.
گۆڕانکاری بنچینەیی تێکنۆکراتیک: کۆچکردن و جێگیرکردنی بەڕێوەبەر و پسپۆڕانی ناکوردستانی لە ناوەندەوە بۆ ڕێوەبەری هێڵە سەرەکییەکانی ناوچە ئازادەکان.
بچووککردنەوەی مانیفێستی نەتەوەیی: جێگرتنەوەی داواکارییە پێکهاتەیی و ناسنامەییەکان بە خۆشگوزەرانی ساختە و بەکاربەری و دەڵاڵی.
ماتریکسی ستراتیژییەکانی یەکتربڕ (SO – WO – ST – WT)
لەسەر بنەمای یەکتربڕینی گۆڕاوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، چوار پۆلی ستراتیژی زانستی بۆ دووبارە دروستکردنەوەی سیاسەتی دەوروبەر ڕوون دەکرێنەوە:
ستراتیژییەکانی هێرشبەر/گەشەپێدان (ستراتیژییەکانی SO)
بەرهەمهێنانی سنوور بەزێن لەسەر بنەمای ناسنامە: بەکارهێنانی یەکگرتوویی ناسنامە و پەیوەندیی سنووربەزێن بۆ گۆڕینی ناوچە بازرگانییە ئازادەکان لە “کەناڵی هاوردەکردنی ناوەندێکەوە” بۆ “بنکەیەکی هەناردەکردنی ناوخۆیی” بۆ بازاڕی هەرێمی کوردستان.
ئاراستەکردنی سەرمایەی چینی ناوەڕاستی نوێ: کەناڵکردنی سەرمایەی بچووکی کەڵەکەبوو لە چینی ناوەڕاستی نوێدا بەرەو پڕۆژە ستراتیژیکە ناوخۆییەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی سەرنجڕاکێشیی وەبەرهێنانەکانی وابەستە بە ناوەند.
ستراتیژییەکانی گونجاندن/نۆژەنکردنەوە (ستراتیژەکانی WO)
بەدامەزراوەییکردنی بازرگانی هاوتەریب: دامەزراندنی تۆڕی هاوتەریب و هاوبەش و ژووری بازرگانی هاوئاهەنگ لە نێوان چوار پارێزگاکەدا بۆ قەرەبووکردنەوەی جیاوازی ئیداری و بێکاریگەریکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
لۆکاڵیکردنی تێکنۆلۆژی لە ڕێگەی سەرمایەی فرانتەیشناڵ: ڕاکێشانی کوردانی دیاسپۆڕا و هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی ژێرخانی پەیوەندی و پیشەسازی مۆدێرن لەم ناوچە ئازادانەدا بۆ قەرەبووکردنەوەی هەژاری ژێرخانی دەوڵەتی.
ستراتیژییەکانی پێشهات/بەرگری (ستراتیژییەکانی ST)
بنیاتنانی کادری تێکنۆکراتی ناوخۆیی: بەکارهێنانی دەزگای خوێندەواری ناوخۆیی بۆ داگیرکردنی پۆستی بەڕێوەبردن و پسپۆڕ لە ناوچە ئازادەکاندا، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی ناوەند بۆ ناردنی بریکاری غەیرە خۆیی.
گۆڕینی ناسنامە بۆ برەندی سەقامگیری ئابووری: پێناسەکردنەوەی هاودەنگی ناسنامە وەک گارانتیکەرێکی ئاسایشی وەبەرهێنانی ناوخۆیی، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی ناوەند بۆ ناساندنی ناسیۆنالیزم وەک فاکتەری ناسەقامگیری ئابووری.
ستراتیژییەکانی مانەوە/بەرپێگرانە (ستراتیژییەکانی WT)
ئاشکراکردنی پێکهاتەی گەشەپێدانی ساختەی بەکاربەر: ڕەخنەی زانستی و بەردەوام لە مۆدێلی ئابووری ناوەند بە نیشاندانی ئەو ڕاستییەی کە دەڵاڵ-سەنتەری و ناوچە ئازادەکان بە بێ بەرهەمهێنان، لە درێژخایەندا سەرمایەی ناوخۆیی لەناو دەبەن و وابەستەیی ڕەها دروست دەکەن.
کەمکردنەوەی مەترسی و ڕیسکی وابەستەیی بۆرژوازی: دروستکردنی هاندەرە کۆمەڵایەتی و ناوخۆییەکان بۆ سەرمایەدارە ناوخۆییەکان بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانیان بە بەردەوامیی جوگرافیا و بازاڕی ناوخۆیی خۆیانەوە ببەستنەوە، نەک ڕانتی کورتخایەنی ناوەند، و ڕێگریکردن لە داشکانی پرسی نەتەوەیی بۆ خۆشبژێوی چاکسازیخوازانە.
داڕشتنی نەخشەڕێگای ستراتیژیک بۆ ناسیۆنالیزم و سیاسەتی کوردستانی
بۆ دووبارە دروستکردنەوەی پرسی نەتەوەیی کە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی گەشەسەندنی ساختە، گۆڕینی پارادایم لە “ناسیۆنالیزمی بێبەش تەوەر”ەوە بۆ “ناسیۆنالیزمی گەشەتەوەری ناوخۆیی” پێویستە لەسەر بنەمای ستراتیژییە دەرهێنراوەکان. ئەم ستراتیژییە لە سێ فازی زەمەنیدا فورموڵە دەکرێت:
قۆناغی کورتخایەن: خۆماڵیکردنی شادەمارەکان و داگیرکردنی فەزا
گرتنەبەری هەڵوێستی بەرگریکارانە یان ئەمنییەتیکردنی ناوچە ئازادەکان لەلایەن ڕەوتە ناسیۆنالیستەکانەوە کۆمەڵگا ڕووبەڕووی ناسیۆنالیزم دەکاتەوە. لە کورتخایەندا، پێویستە نوخبەی ئابووری و تێکنۆکراتە ناوخۆییەکان هانبدرێن، لەسەر بنەمای ستراتیژی ST، دەست بەسەر شادەمارە سەرەکییەکان و مۆڵەتی گومرگی و بەڕێوەبردنی فەزاکانی ئەم ناوچە بازرگانییە ئازادانەدا بگرن بۆ ئەوەی نەتوانن ڕادەستی کارتێلەکانی ناوەند بکرێن. لە هەمان کاتدا بەپێی ستراتیژی WT پێویستە میدیاکان لە ڕێگەی کاری زانستییەوە ناوەرۆکی بەکاربەری ئەو ناوچانە ئاشکرا بکەن؛ واتە نیشاندانی ئەوەی کە ئەم فەزایانە بەبێ ژێرخانی بەرهەمهێنان، تاکە کەناڵی هاوردەکردنن کە قازانجی سەرەکییان دەچێتە سەر خەزێنەی ناوەند و پشکی خەڵکی ناوچەکە تەنها خزمەتگوزارییە کەم داهاتەکانە.
قۆناغی مامناوەند: بەدامەزراوەییکردنی هاوتەریب و بەستنەوەی سەرمایە بە جوگرافیا
لەم قۆناغەدا ئامانج نەزۆککردنی ستراتیژی ناوەندە بۆ دروستکردنی بۆرژوازییەکی وابەستە. ناسیۆنالیزم پێویستە ئەو سەرمایەی کەڵەکەبوو لە ناوچە ئازادەکاندا بگۆڕێت بۆ “سەرمایەی پابەند بە جوگرافیا”. ئەمەش لەڕێگەی جێبەجێکردنی ستراتیژی WO، واتە پێکهێنانی ژووری بازرگانی هاوتەریبی سەربەخۆ، کۆنسێرسیۆمی بازرگانی ناوخۆیی و تەعاونی سنووربەزێن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەدەست دێت. لەگەڵ گەشەکردنی چینی ناوەڕاستی نوێ لەم ناوچانەدا کە لەسەر بنەمای ستراتیژی SO دامەزراوە، ئەدەبیاتی سیاسی ناسیۆنالیزم دەبێت لە مۆدێلی حەماسەتی نەریتییەوە بگوازرێتەوە بۆ داواکاری مافە مەدەنییەکان، مافی هاووڵاتیبوون، مافی خاوەندارییەتی و پاراستنی ژینگە.
قۆناغی درێژخایەن: تیۆریزەکردنی سەروەری ئابووری
لە درێژخایەندا، مانیفێستی سیاسەتی پەراوێزیی دەبێت ئەو گەڵاڵە زانستییە بە دامەزراوەیی بکات کە دەڵێت “گەشەپێدانی ڕاستەقینە و بەردەوام بەبێ سەروەری سیاسی و بەڕێوەبردنی خۆجێیی سەرچاوە و زنجیرە بەهاکان مەحاڵە.” گەشەسەندنی ساختەی ناوەند میچێکی فڕینی کورتی هەیە و بۆ چوونە ناو ئابووری ئازادی جیهانی، کۆمەڵگا پێویستی بە سەروەری هەیە بەسەر یاسا و سیاسەتی دراوی خۆیدا. ئەو سامانە ڕێژەییەی لەم سەردەمەدا بەدەست هاتووە، پێویستە بۆ ڕاهێنانی تێکنۆکرات و بورۆکراتەکان لە زانکۆ باڵاکانی جیهان لە بواری یاسای نێودەوڵەتی، بەڕێوەبردنی زنجیرەی دابینکردن و دیپلۆماسی وزە خەرج بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت پەراوێز وەک یەکەیەکی کارا و سەقامگیرکەر لە نەزمی نوێی ناوچەکەدا بناسرێت.
ئەنجام
سیاسەتی ناوەند بۆ خێراکردنی پرۆسەی ناوچە ئازادەکان لە چوار پارێزگاکەدا کە لە سەرەوە باسمان کرد، پارادۆکسێکی پێکهاتەیی هەیە. هەرچەندە ئەم سیاسەتە توانای بێهێزکردنی داواکارییە سیاسییە چڕە نەتەوەییەکانی هەیە لە کورتخایەندا، بەڵام لە مامناوەند و درێژخایەندا، ناچار ژێرخانی ماددی و مۆدێرن و شارنشینی کۆمەڵگەی پەراوێزیی دابین دەکات.
ناسیۆنالیزمی کورد بە پشتبەستن بە عەقڵی سیاسی سارد، نابێت هەڵوێستی دژ یان بەرگریکارانە بەرامبەر ئەم پرۆسەیە بگرێتەبەر؛ بەڵکوو پێویستە پشت بە ستراتیژییە یەکتربڕە دەرهێنراوەکان و داگیرکردنی فەزای ئابووری و خۆجێیکردنی سەرمایە و گواستنەوەی گوتاری لە “بێبەشبوون”ەوە بۆ “خاوەندارییەتی ئابووری و سەروەری” ببەستێت، و گەشەپێدانی ساختەی سەپێنراوی ناوەند بکاتە پێشمەرجێکی ماددی بۆ بەهێزکردن و فۆرماسیۆنی پرسی نەتەوەیی لە نەزمی نوێی ناوچەییدا.
سەرچاوەکان
- Alesina, A., & Spolaore, E. (2003). The Size of Nations. MIT Press.
- Amat, F., & Wibbels, E. (2014). The Political Economy of Asymmetric Federalism: Fiscal Decentralization and National Identity in Spain. Cambridge University Press.
- Barnett, R. R. (2009). The Barnett Formula: A critique and some suggestions for reform. Regional Studies, 43(3), 329–341.
- Boudreau, V. (2004). Resisting Dictatorship: Repression and Protest in Southeast Asia. Cambridge University Press. (Discussing the limits of economic performance legitimacy in peripheral control).
- Conversi, D. (2000). The Basques, the Catalans and Spain: Alternative Routes to Nationalist Mobilisation. University of Nevada Press.
- Hechter, M. (1975). Internal Colonialism: The Celtic Fringe in British National Development. University of California Press.
- Hechter, M. (2000). Containing Nationalism. Oxford University Press. (Utilizing Rational Choice Theory to analyze separatist movements).
- Keating, M. (2001). Plurinational Democracy: Stateless Nations in a Post-Sovereignty Era. Oxford University Press.
- Laitin, D. D. (2007). Nations, States, and Violence. Oxford University Press.
- McCorriston, J., & Maclaren, J. (2016). The Economic Impact of Devolution in Scotland. Edinburgh University Press.
- Shambaugh, D. (2020). China’s Future. Polity Press. (Analyzing the Chinese model of infrastructure-led stability and internal assimilation policies).
- Smith, A. D. (2000). Nationalism and Modernism: A Critical Survey of Recent Theories of Nations and Nationalism. Routledge. (Frameworks for Economic Nationalism).
- Sorens, J. (2005). The political economy of secessionism: An empirical analysis. Regimes and Nationalism, 37(2), 304–325.
- Zang, X. (2015). Ethnicity in China: A Critical Introduction. Polity Press. (Discussing state-sponsored developmentalism vs. identity in Xinjiang and Tibet).


No Comment! Be the first one.