بەراوردێکی ستراتێژیک نێوان خولی یەکەم و دووهەم لەگەڵ خولی سێهەمی شەڕ
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ململانێی سەربازیی نێوان ئامریکا و ئێران لە “ڕێوەبەری قەیرانەکانەوە بە دوکتۆرینی فشاری زۆرەملێ”ەوە بۆ “جەنگی سیستماتیکی پەستان” گۆڕدراوە. پێداچوونەوەیەک بەم سێ قۆناغە نیشان دەدات کە چۆن ئامرازەکان و ئامانجەکان و دەرئەنجامە ستراتیژیکەکانی خولی سێهەم لە دوو شەپۆلی یەکەمەوە لە بنەڕەتدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، و هاوکێشەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی کورتخایەنەوە گۆڕاوە بۆ فەرسایشی پێکهاتەیی سەرتاسەری.
یەکەم ئەوەی کە گۆڕانکاری لە دوکتۆرینی ئۆپێراسیۆن و ئاسۆی کاتدا لە شۆکی نوقتەییەوە بۆ فەرسایشی بێ کات هەیە:
خولی یەکەم لەسەر بنەمای دوکتۆرینی “شۆکی ئامانجدار” بوو، و لۆژیکی ئۆپێراسیۆنی ئەم خولە لەسەر بنەمای لێدانێکی تەرکیزکراو و خێرا و بە ڕوونی سنوورداربوونی کات بوو. ئامانجی سەرەکی لەم خولەدا لەناوبردنی بەشێک لە ژێرخانی ئەتۆمی و ناوەندەکانی فەرماندەیی و زنجیرەی فەرماندەیی بوو، هەروەها ناردنی پەیامێکی یەکلاکەرەوەی بەرپێگریکردن.
ئەم شەپۆلە بە کشانەوەیەکی خێرا کۆتایی هات و پێکهاتە ئیداری و ئەمنی و ئابوورییەکانی ئێران وەک خۆی مایەوە.
خولی دووهەمی شەڕەکە لەسەر بنەمای دوکتۆرینی “کەمکردنەوەی توانای ڕەق” بوو، کە تیایدا تیشکی خستە سەر بێکاراکردنی یان کەم کاراکردنی تواناکانی هاژەک و دڕۆن و سیستەمی بەرگری ئێران. کۆبوونەوەی بێ وێنەی هێزەکانی ئامریکا ئاماژە بوو بۆ هەوڵدان بۆ دروستکردنی بەرپێگرییەکی قووڵتر. ئەم خولە بە نێوەندگیری نێودەوڵەتی و پێکهێنانی ئاگربەستی تاکتیکی کۆتایی هات، و لە بەرامبەردا ئێران توانی هێزی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا بپارێزێت و پاڵ بە واشنتۆنەوە بنێت بۆ قبووڵکردنی بنبەستی سەربازی.
خولی سێهەمی شەڕ، کە ئێستا، دوکتورینی “وەرینی پێکهاتەیی و بێ کات”ە و بە پێچەوانەی دوو خولی پێشوو، هیچ چوارچێوەیەکی کاتیی دیاریکراو و نێوەندگیرییەکی کاریگەر و کەناڵی دەرچوونی خێرای نییە. چڕی هێرشەکان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر داڕێژراون و لە کەنارەی باشوورەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی سەرووی ئێران بڵاوبوونەتەوە. ئەم خولە چیتر قەیرانێکی کاتی نییە، بەڵکوو دۆخێکی سەقامگیری شەڕی کەم چڕییە، هەرچەندە لە داهاتوودا ڕەنگە شۆکێکی گەورەی لێبکەوێتەوە یان بیگرە و بەریدەی بەناو دیپلۆماسی، ڕوو بدات.
خاڵی دواتر گۆڕانی ناوەندی کێشکردنی ئامانجەکانە لە کەرەستەی سەربازی و تیرۆری هۆشمەند بۆ شەڕی ژێرخانی.
ئەگەر لە خولی یەکەم و دووهەمدا ئامانجی سەرەکی هێرشەکان سەروەت و سامانی سەربازی ڕاستەوخۆ بووبێت، لە خولی سێهەمدا ناوەندی کێشکردنی ئۆپێراسیۆن بەرەو ژێرخانەکان و شادەمارەکانی گواستنەوە هەنگاوی ناوە.
خاڵی سێهەم میکانیزمی “فەرسایشی یەکتر” و شمشێری دوو دەمی گەرووی هورمز وەک تەقارونی تێچوونەکان یان “وەرینی دوولایەنە”یە.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە:
بۆچی وەرینی دوولایەنە؟
گوشارەکانی سەر ئێران کە بە تێکدانی ژێرخانی گواستنەوە و بڕینی تەواوەتی داهاتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و گەمارۆی دیپلۆماسی و دابەزینی بەهای کەرەستەی بەرگری، توانای ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە لە سفر نزیک دەکاتەوە.
بەڵام گوشارەکانی سەر ئامریکا و ئابووری جیهانی ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن، چونکە گەمارۆدانی ئێران بۆ سەر گەرووی هورمز شۆکێکی نرخەکانی بۆ بازاڕی وزە ناردووە و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئامریکای لە کەنداو خستووەتە ژێر گوشاری ئەمنی بێ وێنەوە.
بەم شێوەیە نە ئامریکا دەتوانێت بە خێرایی لە شەڕەکەدا سەربکەوێت بەبێ ئەوەی تێچووی ئابووری و سیاسی قورسی لەسەر بێت، نە ئێرانیش دەتوانێت لە گوشارە چەقێنەرەکانی دابەزینی بەهای ژێرخانی ڕزگاری بێت.
ئێستا پرسیارگەلێکی تر دێتە ئاراوە:
ئایا ئەم ڕەوتەی قۆناغی سێهەم کە “داڕمانی نەرم” دەهێنێتە بەرچاو، دەرئەنجامێکی پێکهاتەییە یان ستراتیژییەکی پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراو؟
ئایا ئامانجی ئامریکا دروستکردنی “دەوڵەتێکی شکستخواردوو”ە؟
ئایا پلانێکی ستراتیژکی داڕێژراوە یان تەنیا دەرئەنجامێکی پێکهاتەیی؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە لە کۆتاییدا دەتوانێ دیاری بکات کە ئایا ئامانجی کۆتایی، “گۆڕینی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی”یە، یان “گۆڕینی ڕێژیم”، یان “داڕمانی ئێران”.
هەرچەندە لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە ئەنجامی کەڵەکەبووی خولی سێهەم بەرەو “داڕمانی نەرم” دەڕوات.
هه ڕوه ها خۆڕاگری ئێران ئێستا دەبێته شمشێرێکی دوودەم چونکه هەرچەند بەڕخۆدانی پێکهاتەیی پێشی بە داڕمانی دەستبەجێی ناوەند گرتووه، بەڵام کاتی درێژکراوەی شەڕ له بارودۆخی گەمارۆ و شەڕدا سەرجەم پەسمەندە سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران دەسوتێنێت که دواجار کۆمەڵگا بەڕه و داڕمانێکی ورده ورده و قووڵ و نەگەڕاوه ەبات.
بە سەرنجدان بەوەی کە هاتە بەر باس و بەو گریمانەیەی کە دۆخی هەنووکەیی درێژەی بێت،
کورد چی نەکات؟
سیاسەتی چاوەڕوانی بە شێوەی پاسیڤ،
چوونە ناو ململانێی سەربازی پێشوەختە و لە کاتی نەگونجاو،
جەمسەرگیری و ململانێی خۆماڵی،
بەفیڕۆنەدانی وزە لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی ساختە و بێ ناونیشان
کورد چی بکات؟
گوتاری سیاسی هاوئاهەنگ،
پێکهێنانی پێکهاتەی سەربازی یەکە،
ئامادەکاری زەینی و دەروونی جەماوەر لە ڕۆژهەڵات لە ڕێگەی ڕێکخراوە نهێنییەکان و میدیای گشتی بۆ ساعەتی سفر گریمانەیی،
پڕوپاگەندە و میدیای ڕێکخراو،
دیپلۆماسی چالاک لەگەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان
ت.ب: ئەگەر شۆکی گەورە ڕوو بدات یان کورد ببێت بە بەشێک لە پڕۆژە- پڕۆسە، چە کەردەنەکان و چە نەکەردەنەکان ئاراستەکەیان دەگۆڕدرێت.


No Comment! Be the first one.