دژە ناسیۆنالیزمی کورد و حەکایەتی مشکەکان
چیرۆکی جووتیارێک کە بەرازێک فڕێدەداتە ناو بیرێکەوە بۆ ئەوەی مشکەکان بڕۆنە نێو چاڵەکە و بیخۆن، دواتر گۆشتی بەرازەکە تەواو دەبێت و مشکەکان لە برسا دەکەونە گیانی یەکتر و یەکتر دەخۆن. تەنها یەک مشک بە زیندوویی دەمێنێتەوە. جووتیارەکە ئازادی دەکات بۆ ئەوەی مشکی هەنووکە بە مشکخۆرکراو، شەڕی مشکەکانی تر بکات. بەم شێوەیە جووتیارەکە خۆراکی مشکەکە لە خواردنە سروشتیەکانەوە دەگۆڕێت بۆ گۆشتی مشکەکانی تر و…
گۆشتی بەراز لە بیرەکەدا ئەو تیۆری و ئایدۆلۆژیا و گوتارانەیە کە دژی ناسیۆنالیزمی کوردی بەرهەم دەهێنرێن.
خواردنی یەکتری لەناو بیرەکەدا مێتافۆرێکە بۆ هەوڵدان بۆ سەلماندنی وەفاداری و بەدەستهێنانی پێگەیەکی تاکەکەسی و سیاسی بەرپرسیار بەرامبەر بە پایتەختەکان.
ئازادکردنی مشکی هەنووکە خۆخۆر لە مەزراکەدا مێتافۆرێکە بۆ ئەو کەسە یان گرووپە سیاسییەی کە ئێستا کەوتووەتە گیانی ناسیۆنالیزمی کوردی. ئەو بە ئەدەبیاتی فیکری، فەلسەفی یان سیاسی هێرش دەکاتە سەر ئیرادەی نەتەوەیی کۆمەڵگاکەی، داگیرکەر پاک دەکاتەوە لە داگیرکەری، و بەرگری کورد لە خۆی بە فاشیزم و ناسیۆناڵیزمی دواکەوتوو و شێرپەنجە ناودەبات، سووکایەتی و نەبوونی ئاسۆ بە کۆمەڵگاکەی دەدات، و پێیان دەڵێت کە ئێوە توانا و توانست و مافی بوون بە نەتەوە یان سەربەخۆییتان نییە و دەبێت لە ژێر یەکێک لەو چوار جوگرافیایە هەناسە بدەن یان تێدادەچن یان خود کاتی سەربەخۆیی تێپەڕیوە یان کاتی نەهاتووە و باشتر وایە لەگەڵ داگیرکەر بمێنیتەوە.
و جووتیارەکە، مێتافۆرە بۆ حاکمییەت کە ئێستا بە هێمنی ئەو مشکانەی وەرگۆڕاوە بۆ بوونەوەری خۆخۆر و چیدیکە زۆر خۆی بە تۆپ و تانکەوە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی مەزرا و کوردستان ناکات، بەڵکوو تەلارسازیی عەقڵی کورد و سیاسەتی کوردی بە شێوەیەک داڕشتووەتەوە کە خۆی ستەمکارەکەی و داگیرکەرەکەی دەپەرستێت و هاوجنسەکەی قووت دەدات کە بە دوای ئازادی و سەربەخۆییدا دەگەڕێت.
کوردی دژە ناسیۆنالیست، ئەو کوردەی بۆ درێژەپێدانی حوکمڕانی فارس و تورک و عەرەب سنگی دەردەپەڕێنێت، هەمان مشکی خۆخۆرە کە جووتیار، چیدیکە پێویستی نییە فەرمانی پێبدات؛ ئەو بەو غەریزەوە کە لە بیری ناوەنددا ڕاهێندراوە، ئێستا کەوتۆتە گیانی بیرۆکە و ناسنامە و ئەگەر و توانستی ڕزگارکردنی نەتەوە و گەلەکەی.


No Comment! Be the first one.