کاریگەری دانینگ-کرۆگەر چییە؟
لاگیرییەکی مەعریفییە کە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان تواناکانیان، فرەتر لە ئاستی خۆی بخەمڵێنن و وا بیربکەنەوە کە زیرەکتر و بەتواناترن لەوەی کە بەڕاستی هەن.
لە بنەڕەتدا کەسانێکی کەم، توانایی و لێهاتووییەیان ئەوەیان هەیە کە ناکارامەیی خۆیان بناسن؛ تێکەڵەیەک لە خودئاگایی لاواز و کەمی توانای مەعریفی دەبێتە هۆی زۆرتر خەمڵاندنی تواناکانیان.
ئەو چەمکە باسی زانستیانە و وەسفی کێشەیەک دەکات کە زۆر کەس یەکسەر دەیناسنەوە بەوەی کە گەمژەکان کوێرن بەرانبەر بە گەمژەیی خۆیان. وەک چارڵز داروین گوتوویە: “نەزانین، زۆرتر لە زانین، متمانە بە خۆ بەرهەم دەهێنێت”.
دانینگ و کرۆگەر، لە توێژینەوەکەیاندا، زنجیرەیەک لە چوار لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەم دیاردە دەروونییە ئەنجامداوە.
تەنانەت ئەو کەسانەی کە لە تاقیکردنەوەکانی ڕێزمان و نوکتە و لۆژیکدا نمرەکانیان لە نزمترین ڕێژەدا بووە، مەیلیان هەیە کە توانای خۆیان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش، زۆرتر بخەمڵێنن.
بە بڕوای ئەو توێژەرانە، کەسانی ناکارامە نەک هەر ئاستێکی لاوازیان هەیە بەڵکوو توانای هەڵسەنگاندنی ورد و ناسینی چلۆنایەتی کارەکانی خۆیان نییە. ئەوان زانیاری و توانای خۆیان زیادە دەخەمڵێنن و ناتوانن لە هەڵسەنگاندنی کارکردی خۆیان بە شێوەیەکی دروست، هەڵسەنگاندن بکەن.
کەسانێک کە ئاستی لێهاتوویی خواریان هەیە ناتوانن توانا و لێهاتوویی کەسانی دیکە ناس بکەن و ئەمەش بەشێکە لەو هۆکارانەی کە هەمیشە خۆیان بە باشتر و بەتواناتر و شارەزاتر لە کەسانی دیکە دەزانن.
دانینگ دەنووسێت: “لە زۆر حاڵەتدا، بێتوانایی و لێنەهاتوویی، مرۆڤەکان سەرلێشێواو، گێژ، یان بەپارێز ناهێڵێتەوە بەڵکوو زۆرجار، ناکارامەکان، متمانەیەکی نەشیاویان لەگەڵدایە کە وەک زانین و زانایی و تێگەیشتوویی سەیری دەکەن”.
ئەم کاریگەرییە دەتوانێت کارتێکەرییەکی قووڵی هەبێت لەسەر بیروبڕوای مرۆڤەکان و ئەو بڕیار و کردارانەی کە دەیدەن و دەیکەن.
بەڵام چ چتگەلێک ئەم کاریگەرییە دەروونییە ڕوون دەکاتەوە؟ ئەم دیاردەیە پێی دەگوترێت “بارگرانی دووانە”. ئەوانە نەک هەر ناکارامەن، بەڵکوو بێتوانایی ئەوان، توانای دەروونییان لێ دەدزێت بۆ ئەوەی تێبگەن کە چەندە ناکارامەن.
کەسانی ناکارامە هەم مەیلیان هەیە ئاستی لێهاتوویی خۆیان، فرەتر بخەمڵێنن و هەم بێتوانان لەوەی کە ناتوانن لێهاتوویی و شارەزایی ڕاستەقینەی کەسانی دیکە بناسن.
بێتوانایی لە ناسینی هەڵەکانی خۆیان و نەبوونی لێهاتوویی پێویست بۆ ئەوەی لە کارێکدا باش بێت، هەمان ئەو تایبەتمەندیانەن کە مرۆڤ پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بزانێت کە ئەو لەو کارەدا باش نییە. بۆیە ئەگەر مرۆڤ ئەو توانایانەی تێدا نەبێت نەک هەر لەو کارەدا، لاواز دەمێنێتەوە، بەڵکوو بێ ئاگا دەمێنێتەوە لە کەمایەسییەکەی خۆی.
ئەم کاریگەرییە بۆ کۆمەڵێک ڕوونکردنەوەی جیاواز دەگەڕێتەوە، لەوانە:
بێتوانایی لە ناسینی کەمی لێهاتوویی و هەڵەکان: نەبوونی لێهاتوویی و شارەزایی، دوو کێشە دروست دەکات. یەکەم: ئەم کورتهێنانانە دەبنە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان لەو شوێنەی کە کەموکووڕییان تێدایە، ئاستێکی لاواز و بگرە خراپیان هەبێت. دووهەم: زانیاری نادروست و ناتەواویان، وایان لێدەکات نەتوانن هەڵەکانیان بناسن و بیبینن.
نەبوونی مێتاکۆگنیشن: کاریگەری دانینگ-کرۆگەر پەیوەندی بە کێشەکانی مێتاکۆگنیشنەوە هەیە. مێتاکۆگنیشن ئاماژەیە بۆ توانای هەنگاونان بۆ دواوە(پاشەکشێ) و سەیرکردنی ڕەفتار و تواناکانی مرۆڤ لە دەرەوە.
زۆرجار مرۆڤەکان تەنیا دەتوانن لە ڕوانگەی سنووردار و زۆر بابەتیی و زەینی خۆیانەوە، خۆیان هەڵسەنگێنن. لەم ڕوانگە سنووردارەوە، ئەوان بە لێهاتوویی فرەتر و زانیاری زۆرتر لەوانی دیکە دەخەمڵێنن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، هەندێک جار، مرۆڤەکان تێدەکۆشن بۆ ئەوەی ڕوانگەیەکی واقیعیتریان هەبێت بۆ تواناکانیان.
زانیاری کەم دەتوانێت ببێتە هۆی متمانە بەخۆی زۆر: هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە هەندێک جار کەمبوونی زانیاری لەسەر بابەتێک، دەتوانێت وا لە خەڵک بکات بە هەڵە وا بیربکەنەوە کە هەموو ئەو شتانە دەزانن کە پێویستە بیزانن. وەک پەندی کۆن دەڵێت وردەزانین و وردەزانست، دەتوانێت مەترسیدار بێت.
ڕەنگە کەسێک زانیاری زۆر کەمی لەسەر بابەتێک هەبێت، بەڵام باوەڕی بەوە هەبێت کە بەهۆی کاریگەری دانینگ-کرۆگەرەوە، شارەزایە و پسپۆڕ و لێهاتوو.
هۆکارەکانی تر کە دەتوانن کاریگەر بن لە دروستکردنی کاریگەریی دانینگ- کڕۆگەر بریتین لە:
بەکارهێنانی هێوریستیک یان کورتە ڕێگای دەروونی کە ڕێگە بە خەڵک دەدات بڕیاری خێرا بدەن و مەیلیان لێ پەیدا ببێت بەدوای ئولگووەکاندا بگەڕێن تەنانەت لەو شوێنگەلەی کە بوونیان نییە.
زەینی مرۆڤ ئامادەیە بۆ ئەوەی مانای ئەو کۆمەڵە زانیارییە نایەکسانە و ناهاوڕەنگە و ناتەبایە بزانێت کە ڕۆژانە سەروکاری لەگەڵدا هەیە. هەر ئەو جۆرەی کە هەوڵدەدات ئەو سەرلێشێواوییە بڕەوێنێتەوە و توانا و کارنامەی خۆی لە جیهانەکەی خۆیدا لێکبداتەوە، هەندێکجار بە تەواوی شکست دەهێنێت لەو داوەرییەی کە دەیکات.
هەروەها بەپێی توێژەران، هەموو مرۆڤەکان ئامادەییان تێدایە بۆ تووشبوون بە کاریگەریی دانینگ- کڕۆگەر. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئێمە هەرچەندەش شارەزا و لێزان بین لە هەندێک بواردا نەزان ناشارەزا و بێتواناین. لەوانەیە لە زۆر بواردا زیرەک و لێهاتوو بیت، بەڵام کەس شارەزا نییە لە هەموو شتێکدا. ڕەنگە زۆربەمان ئەم دیاردەیە بە نەزمێکی سەیر، ئەزموونی بکەین. کەسانێک کە شارەزای ڕاستەقینەی بوارێکن، ڕەنگە بە هەڵە وا بیربکەنەوە کە زیرەکی و زانیارییەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ بوارەکانی تر کە کەمتر ئاشناییان پێی هەیە.
چۆن بەسەر کاریگەریی دانینگ- کرۆگەردا زاڵ بین؟
بەردەوام بین لە فێربوونی زیاتر و مەشقی فرەتر و ڕاهێنانی زۆرتر.
داوای ڕەخنەی بنیاتنەر لە کەسانی تر بکەین.
چی دەزانین، با خۆمان بیبەینە ژێر پرسیار.
قبووڵ بکەین کە ئێمەیش دەتوانین هەڵە بکەین.
هەموو زانست و توانا و شایستەیی و لێهاتوویی و زانیاری و زانست، بە تەنێ لای ئێمە نییە.
شارەزا بوون لە بوارێک و بابەتێکدا، مافی دەربڕینی بیروڕای کارناسانە و بسپۆڕانە لە بوارەکانی دیکە بە ئێمە نادەن.
دادپەروەرانە و بە ئینساف بین بە نیسبەت تواناکانی خۆمان و کەسانی دیکە.
ت.ب: سەبارەت بەم کاریگەرییە، کۆمەڵێک ڕەخنە و تێبینی و بۆچوونیش هەن کە شایانی خوێندوەن
بڕوانە بۆ:
-Psychology Today
-American Scientific
-Very Well Mind
*Dunning- Kruger Effect