حەقیقەتی نەتەوەیی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا؛ جەزبکردنی کۆنترۆڵکراو و پووکاندنەوەی دامەزراوەیی
کاتێک کە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا توانای ئینکاری حەقیقەتی نەتەوەیی کوردی لەدەست داوە، لانیکەم دوو ستراتیژی بەکاردەهێنێت:
جەزبکردنی کۆنترۆڵکراو
پووکاندنەوەی دامەزراوەیی
میکانیزم
یەک. بە شێوەیەکی تاکتیکی و داشکێنەرانە پرسی کورد قبووڵ دەکات، بەڵام لە زات و ناوەڕۆکدا نا.
ئەم پرسە بە هۆی گۆڕانی ئایدۆلۆژیا یان گۆڕانکاری لە ڕوانگەی هزری ئۆپۆزیسیۆن نییە، بەڵکوو بە هۆی واقیعی مەیدانی ڕۆژهەڵاتە.
ئینکاری حەقیقەتی کوردستانی، بەتایبەتی دوای شۆڕشی ژینا، ئیتر مومکین نییە، بۆیە قبووڵکردنی تاکتیکی و داشکێنەرانە، باشترین ڕێگا دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی.
دوو. ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا، حیزب و چالاکانی ڕۆژهەڵات لە هاوپەیمانی و مەنشوور و هاتوچووی دیپلۆماتیک یان بوروکڕاسی بێکاریگەر و بێ ئەنجام و کات بەفیڕۆدەردا بەشدار دەکات و وزەی کارکردی دەکوژێت.
ئەنجامەکەی سادەیە:
پرسی ناسنامەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵات، لە توانستێکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانە و مەیدانییەوە، بۆ پاراگرافێک لە بەڵگەنامەیەکی دیپلۆماتیک، بەیاننامە و هەڵوێستێکی ڕۆژانە، ناکۆکیگەلی بێکۆتایی و داڵانە درێژەکانی کۆنگرە و کۆنفڕانسەکان، و ململانێی هێزەکانی ناو کوردستان لە سووڕێکی بێکۆتاییدا دادەلەنگێنێت.
سێ. ڕەوتی ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا درکی بەوە کردووە کە خێرایی و قورسایی بزافی هزری و مەیدانی نەتەوەیی ڕۆژهەڵات، پڕگیرە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بە هێنانە ناوەوەی هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان بە پڕۆسەی بڕیاردانی ئاڵۆز و بێکۆتایی و بێکاریگەر، کاتەکە لە قازانجی حاکمییەتی ئێران پووچەڵ دەکاتەوە و هێزی بزوێنەری مەیدانەکە دادەبەزێنێت، ئەیپڕووکێنێت و بۆ شوێنی ئێرانچییەتی دەبات.
پێدراوە مێژووییەکان چی ئێژن؟
ئەزموونی سکۆتلەند و دیڤوولێشن بە پێدانی دەسەڵاتی سنووردار لە بەریتانیا،
ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین،
بزووتنەوەی ڕەسەنەکانی کانادا و پرۆسەی پەیماننامەدانان.
(ت.ب خێرا: لە سێ نموونەی ئاماژەپێدراودا بەردەنگی حکوومی، عامڵییەتی بووە بەڵام پەیوەندیدار بە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا، ئەو عامڵییەتەش بوونی نییە.)
ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرای ئێرانی بە دەستکاریکردنی پێکهاتەی یارییەکە، هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە یاری لە مەیدانی کوردستانەوە بەرەو چەنەلێدان لە بەستێنی بوروکراسی ناوەنددا ئاراستە دەکات، پرسی کورد قبووڵ دەکات و تەنانەت فەرمانی جیهاد و سەرکوتکردنی کوردستانیش شەرمەزار دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا بە گەمەی بوروکراسی و پڕۆسەگەلی ساختە، ڕۆحی نەتەوەیی و ڕۆحییەتی سەربەخۆیی لە حەلەزوونی ئێرانیدا هەرس دەکات.
و خاڵی کۆتایی: ئەگەر سەرنجتان دابێت، ئەو قورساییەی کە بۆ نموونە لە “کۆنگرەی ئازادی ئێران”دا بە کورد دەدرێت، ناتوانرێت بەراورد بکرێت بە گرووپە نەتەوەییەکانی دیکە. ڕەنگە یەکسەر بگوترێت کە کورد زیاتر ڕێکخراو و مەیدانی و سیاسییە، بەڵام ئەمە بۆ ئێرانی، کەڵک وەرگرتنە لە “مەغڵەتەی هەست و سۆز”. ئەو کۆنگرەیەی کە بە دوای ئازادیی ئێراندا دەگەڕێت، زۆر باش سەنگی دانیشتوان و توانای گەلانی دیکە دەزانێت، بەڵام باش دەزانێت کە هەڕەشەی ئاستی یەکەم بۆ قەبارەی ئێرانەکەی کە شوناسی نەتەوەیی کوردستانە، پێویست هەڵبمژرێت و کۆنترۆڵ بکرێت و بە دامەزراوەیی بپووکێتەوە.


No Comment! Be the first one.