سەرنج
ئیمڕۆ لە کاتی خوێندنەوەی پوختەی کتێبی “دیزاین کردن بۆ چۆنییەتی بیرکردنەوەی مرۆڤ” لە نووسینی “جان واڵێن”، جیاوازی دوو وشە، سەرنجی ڕاکێشام کە لەوانەیە زۆر جار، بە هەڵە، لە بری یەکتر، بەکار بهێنرێن:
Satisfying
Satisficing
یەکەمیان بە واتای ڕەزامەندی تەواو،
دووهەمیان بە واتای ڕەزامەندی ڕێژەیی یان ڕەزامەندی بۆ مانەوە.
جیاوازی ئەم دوو وشەیە بۆ مرۆڤی کوردستانی، زۆر ورد و قووڵە:
سیستەمی داگیرکەر و پێکهاتە تۆتالیتارییەکان بە ئەنقەست کەشەکە بە شێوەیەک دیزاین دەکەن کە کۆمەڵگای کوردی هەمیشە خەریکی پرۆسەی ڕازیبوونی ڕێژەیی یان ڕەزامەندی بۆ مانەوە بێت. کاتێک نەتەوەیەک خەریکی تێپەڕاندنی قەیرانە سەپێنراوەکانی ڕۆژانەیە، بە ناچاری مێشکی کۆمەڵگا بەرەو “ستراتیژی مانەوە” کۆچ دەکات. لەم حاڵەتەدا کۆمەڵگا دەتوانێت کوڵەکە ئازادییەکی فەرمی، مافێکی دەنگدانی قاڵبی، یان کرانەوەیەکی ئابووریی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی قەترەقەترە و کاتی قبووڵ بکات؛ چونکە لەو ساتەدا، ئەم کەمترین شتانە بە بەس دەزانێت بۆ “مانەوەی”.
بەڵام لە چوارچێوەی ڕەزامەندیدا، کوردستانیبوون و کوردایەتی، ئەو هۆشیارییە بە گەلی کورد دەبەخشێت کە سنووری نێوان “مانەوەی لە سێبەری ناوەند” و “ژیان بە کەرامەت و سەربەخۆیی”دا بناسێت.
بە ناسینی ئەم جیاوازییە، خۆبەدەستەوەدان بە فۆرمولاسیۆنی سیاسی نیمچە داخراو و مافی هاووڵاتیبوونی مەرجدار لە چوارچێوەی حکوومەتە ناوەندییەکان، هەمان بیرکردنەوەی ڕازیبوونی ڕێژەیی یان ڕازیبوون بە کەمترین شت بۆ مانەوەیە. بەڵام پرسی نەتەوەیی بەدوای ڕازیکردنی ڕاستەقینەدا دەگەڕێت؛ واتە گەیشتن بە بەرزترین ئاستی ژیانی بەکۆمەڵ و کەرامەتی نەتەوەیی و گەشەسەندنی بەردەوام.
بڕوانە بۆ:
Design for How People Think, John Wahlen, 2019.


No Comment! Be the first one.