بۆچی پێکهاتە سیاسی و حیزبییەکان قوفڵ دەبن؟ چۆن دەبنە هۆی دوورکەوتنەوە و پشت کردن لە بزافی نەتەوەیی؟
کلاینتالیسم بریتییە لە ئاڵوگۆڕی بێ پرێنسیپانەی وەفاداری بۆ ئیمتیاز. لەم سیستەمەدا پەیوەندیی حیزب وەک سپۆنسەر و جەستەی کۆمەڵگا یان ئەندام و شوێنکەوتووەکان لەسەر بنەمای بەرنامەی سیاسی، شایستەسالاری یان ئایدۆلۆژیای مۆدێرن نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای مامەڵەیەکی دوولایەنە بەڵام نایەکسان و ناوهاوسەنگ و ناتەندروستە.
لە سیستمی کلاینتالیستیدا دەسەڵات ناهاوسەنگە و نایەکسان و ناساخ، و سپۆنسەر بە ناوی گرووپی ڕێوەبەری یان ڕێبەری، هەموو شتێک کۆنتڕۆڵ دەکات و شوێنکەوتوو لە پێگەی لاوازیدایە، سپۆنسەر خزمەتگوزاری و پێگە پێشکەش بە شوێنکەوتوو دەکات و لە بەرامبەردا شوێنکەوتوو، وەفاداری سیاسی ڕەها دەدات بە سپۆنسەر و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای پەیوەندی کەسی، خێزانی، خێڵەکی و وەفای تاکەکەسی بۆ سەرکردە یان ڕەوتێکی تایبەت یان تاقم، دیاریکراو دەبن، نەک بە دامەزراوەیی و یاسایی و بە پێی پەیڕەو.
کلاینتالیسم گەورەترین بەربەستە لەبەردەم گەشەسەندنی سیاسی و شایستەیی چونکە نالێهاتوویی و دەسماڵکێشی و پاساوسالاری بەدامەزراوەیی دەکات و سەرچاوەی حیزبی وەک پاداشت بەسەر وەفادارانی ڕەها دابەش دەکرێت لەبری ئەوەی بۆ پڕۆژەی ژێرخانی یان ڕاهێنانی کادری زانستی خەرج بکرێت.
کلاینتالیسم هەروەها ڕەخنەگران دەخنکێنێت و دژایەتیکردنی سەرکردە یان حیزب بە واتای بڕینی دەمارەکانی پەیوەندی ئەندامی دەرەوەی سیستەمی کلاینتالیستی دێت.
کەواتە، تاکەکان بێدەنگی و بەڵێ-قوربان گیان هەڵدەبژێرن بۆ مانەوە. هه ڕوه ها حیزب خۆی بە لێپرسراو نازانێت له به ڕامبه ڕ هیچ که سێکدا و خۆی به پابه ند نازانێت به وەڵامدانەوە بەڵکوو بە پێچەوانەی حیزبە مۆدێرنەکان، ئەوە خەڵک و ئەندامەکانن کە دەبێت و پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بەمجۆرە لێپرسینەوەی پێچەوانە بەدامەزراوەیی دەکرێت.
هەروەها ڕێگری لە سووڕی نوخبەکان دەکات و تاکەکانی نوخبە و خوێندەوار و داهێنەر، لە پشت دەرگای داخراوی حیزبەکانەوە دەمێننەوە بەهۆی نەبوونی ژێنۆمی وەفاداری کلاینتالیستی و لە ئەنجامدا پیرسالارە وەفادارەکان و وەفاداران بە پیرسالاری، کورسییەکان داگیر دەکەن.
کلاینتالیسم لە پرسی نەتەوەیی کورددا چەمکی خەباتی لە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بۆ پێکهاتەیەکی بورۆکراتیک، ناکارامە و ناکارتێکەر بچووک کردووەتەوە، و ئەندامییەتی حیزب یان دڵسۆزی و وەفا بۆ بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی، بووگە بە تەنیا وەفایەکی ڕەها بۆ حزبێک یان ئایدیۆلۆژیایەک یان تاقمێک، نەک لەسەر بنەمای بڕوا بە مانیفێستی نەتەوەیی.
لە ڕاستیدا هەمان پێکهاتەی خێڵەکی کۆن، جل و بەرگی نوێ و حیزبی لەبەر کردووە و پەرۆشی بۆ پیرەکەی حیزب یان سەرۆک تاقم، جێگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئامانجی پێکهاتنی حیزبەکەی گرتووەتەوە.
ئەمەش دواجار بووە بە هۆی ئەوەی کە پێکهاتەکە گرێ بچووکەی تێکەوێت، قفڵ بێت و وزەی گەورەی نەتەوەیی لەبری ئەوەی لە ڕێگای خەباتی نەتەوەیی و دیپلۆماسی گشتی و دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و تیۆریزەکردن بۆ سەربەخۆیی و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن خەرج بکرێت، لە کۆریدۆرە تاریکەکانی دڵخۆشکردنی ڕێبەرانی حیزبدا بەفیڕۆ بچێت و لە پۆتانسییەلی نەتەوەیی دوور بخرێتەوە و پشت لە پرسی نەتەوەیی بکرێت.
سەرچاوە بۆ زانیاری زۆرتر:
Stokes, S. C. (2007). Political clientelism. In C. Boix & S. C. Stokes (Eds.), The Oxford Handbook of Comparative Politics (pp. 604–627). Oxford University Press.


No Comment! Be the first one.